تەرمی د. كەمال مەزهەر گەیشتەوە خاكی هەرێمی كوردستان و بڕیارە سبەی لە هەولێر مەراسیمێكی تایبەتی بۆ ڕێكبخرێت، بەر لە گەڕاندنەوەی بۆ سلێمانی و بەخاكسپاردنی.
ئەمشەو سێشەممە 23ی ئازار تەرمی د. كەمال مەزهەر، نوسەر و مێژوونوسی ناسراوی كورد لە ئەڵمانیاوە بە فڕۆكە گەیەندرایە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
بەپێی ئەو ڕێوشوێنەی بۆ پێشوازی لە تەرمەكەی دانراوە، بڕیارە سبەی لە هەولێر مەراسیمێكی تایبەتی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و ڕۆشنبیران بۆ ئەنجامبدرێت.
د. کەمال مەزهەر سێشەممەی ڕابردوو 16ی ئازار لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.
لەسەر وردەکاری ناشتنەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایکرد، “لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 24ی ئازار لە مەراسیمێکی تایبەتدا لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشدارانی مەراسیمەکەوە پێشوازیی ڕەسمیی دەکرێت و بەرەو شاری سلێمانی ماڵئاوایی لێدەکرێت، لە دەروازەی شاری سلێمانیدا لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و ئامادەبووانەوە پێشوازیی دەکرێت”.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ” تەرمی کەمال مەزهەر بە مەراسیمێکی شایستە بۆ دوا ئارامگای خۆی لە گردی سەیوان بەڕێدەکرێت”.
کەمال مەزهەر ئەحمەد لە ساڵی 1937ی زاینی لە پارێزگای كەركوك لەدایكبووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە و ساڵی 1959 بەشی مێژووی کۆلیژی ئەدەبیاتی لە زانکۆی بەغداد بە پلەی شەرەف وەرگرتووە.
ساڵی 1959 لەگەڵ کۆمەڵی یەکەمی ئەو خوێندکارانەدا بووە کە نێردراون بۆ یەکێتی سۆڤێت و لە ساڵی 1963 دکتۆرای لە مێژووی هاوچەرخی کورد بە ناونیشانی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە کوردستانی باشوور – عێراق لە ساڵانی 1918- 1933 بەدەستهێناوە.
دکتۆر کەمال لە زانکۆی بەغداد وەک مامۆستای پەیمانگای گەلانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست، پەیمانگای باڵای لێكۆڵینەكانی نەتەوەیی و سۆسیالیستیی و زانكۆی موستەنسڕیە، هەروەها پەیمانگای لێكۆڵینەوەكانی عەرەبی وانەی وتووەتەوە و ئەندامی یەكێتیی نوسەرانی كورد و پەیمانگای كورد بووە لە پاریس.
ئەم مێژوونوسە سەڕەڕای بەردەوام بوون لە وانەوتنەوە لە زانکۆی بەغداد و چاوپێکەوتن و سیمینار و وانە زانستی و ئەکادیمییەکانی لە بواری زانستی مێژوودا، لە چەندین گۆڤار و بڵاوکراوەش وتاری مێژووی بڵاوکردۆتەوە.