ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور داوایەكی یاسایی لە پاریس دژ بە كۆمپانیای فەیسبوك تۆماركرد و بە “مامەڵەی بازرگانیی فریودەر” تۆمەتباریدەكات.
ڕێكخراوەكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك “بەڵێنەكەی نەبردووەتەسەر لە فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری سەقامگیر و دوور لە وتاری ڕق و زانیاری هەڵە لە تۆڕەكانیدا”.
ڕێكخراوەكە ئاشكرایكردووە، پشتی بە شیكردنەوەی شارەزایان و شایەتی كەسی و لێدوانی فەرمانبەرانی پێشووی فەیسبوك بەستووە و، دوپاتیشیكردەوە كۆمپانیای فەیسبوك “ڕێگە بە زانیاریی هەڵە و وتاری ڕق بەشێوەی گشتی و ڕق دژ بە ڕۆژنامەنوسان بەشێوەیەكی تایبەت دەدات، بەپێچەوانەی بانگەشەكانی كە لە مەرجەكانی خزمەتگوزارییەكەی و لە ڕیكلامەكانیدا هەیە”.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، “بۆ ئیدانەكردنی ئەم دیاردە بەرفراوان و بێ پێشینەیە، پەیامنێرانی بێسنوور داوایەكی یاسایی لە فەڕەنسا تۆماركردووە، بەهۆی ئەوەی یاسا ئاراستەی گونجاوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكە لەكاتێكدا فەیسبوك 38 ملیۆن بەكارهێنەری هەیە”.
دەربارەی هەڵبژاردنی فەڕەنسا بۆ پێشكەشكردنی داواكەش، ڕێكخراوەكە دەڵێت، “مەرجەكانی خزمەتگوزاری فەیسبوك هەمان مەرجن لە سەرجەم ناوچەكانی جیهان، بڕیاری هەر دادگایەكیش هەمان توانای هەیە لە دروستكردنی كاریگەریی جیهانی” ئاماژەی بەوەشكرد كە تاوتوێی تۆماركردنی داوای هاوشێوە دەكات لە وڵاتانی دیكە.
بەپێی سندوقی مارشاڵی ئەڵمانی (GMF) بڵاوكراوەكانی فەیسبوك لەلایەن پێگە ناڕاستەكانەوە لە چارەكی كۆتایی ساڵی 2020دا، 1.2 ملیار كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە.
هەروەك بەپێی ڕاپۆرتێكی پێشووی ڕێكخراوی پەروەردە و ڕۆشنبیری و زانستەكان (یونسكۆ) كە لە ساڵی 2020 بڵاوبووەتەوە، فەیسبوك بە تۆڕێكی كۆمەڵایەتی “خاوەن متمانەی كەم” ناوبراوە.
س: ئەلحوڕە