بەیانییەک لەخەو هەڵدەستیت کودەتایە.. مێژووی کودەتا لە سودان

لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا هێندە کودەتا لە وڵاتی سودان ئەنجامدراون، کە ڕەنگە ئێستا کودەتا ئاسایی بووبێتەوە و خەڵک بەیانییەک هەڵدەستن، دەبینن گروپێکی چەکدار کودەتای بەسەر حکومەتدا کردووە و بەڵێنی دروستکردنی حکومەتێکی باشتر دەدات.

“ئەوەی بە کودەتا هاتبێت بە کودەتا دەڕوات”

ئەمە وتەیەکە ڕەنگە زیاتر بۆ دەسەڵاتدارانی سودان ڕاستبێت، چونکە هێزەکانی دەسەڵات لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا شاهیدی کودەتای جیاواز جیاواز بوون.

ساڵی 1989 عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆک کۆماری پێشووی سودان، توانی جڵەوی کودەتاچییەکانی سودان بەسەر “سادق عەبدولمەهدی”ـیدا بگرێتەدەست و ماوەی 30 ساڵ پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی بکات و هەوڵەکانی کودەتا بەسەریدا شکستپێبهێنێت.

ئەوکات عومەر حەسەن بەشیر جەنەڕاڵێکی سەربازی بوو لەناو سوپای سوداندا، بەڵام دواتر توانی ببێتە خاوەنی کودەتاکە و کودەتاچییەکانی دوای خۆی بۆماوەی 30 ساڵ نائومێدکرد.

دوو ساڵە سودان بووەتە لانکەی کودەتا

لە ساڵی 2019 دا بەشێک لە سوپای سودان توانییان بە کودەتا کۆتایی بە دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیر بهێنن، دوای 30 ساڵ لە مانەوە، بە کودەتا بەشیر دوورخرایەوە، وەک چۆن خۆشی بە کودەتا هاتبوو.

لە دوای لابردنی عومەر حەسەن بەشیر لە ساڵی 2019 وە ئەوە جاری سێیەمە کودەتا لە سودان دەکرێت، بەڵام هیچ یەکێکیان بە تەواویی گۆڕانکاری دروستنەکرد.

هەر لەو ساڵەدا کە عومەر حەسەن بەشیر لادرا، حکومەتی كاتیی سودان هەواڵی پووچەڵکردنەوەی دوو کودەتای ڕاگەیاند و داوای لە خەڵکی سودان کرد، “لە دژی کودەتاچییان ڕابوەستن”.

دواتر ئاژانسی هەواڵی حکومەتی سودان (SUNA) ڕایگەیاند، هەموو ئەو کەسانەی کودەتایان کردووە سەر بە فەرماندەی سەربازیی “عەبدولباقی بەکراوی” بوون و هەموویان دەستگیرکراون.

کۆنترۆڵکردنی میدیای سودانی یەکەم هەنگاوی کودەتاچییەکانە

ئەو فەرماندە سەربازییانەی عومەر حەسەن بەشیریان دوورخستەوە، یەکەمجار میدیا و تەلەڤیزیۆنی سودانیان کۆنترۆڵکرد، تا لەوێوە بە خەڵک بڵێن دەسەڵاتی پێشووتر نەماوە و وڵات لە چاوەڕوانیی حکومەتێکی نوێدا دەبێت.

ساڵی 2019 کاتێک کودەتا بەسەر کودەتاچییەکاندا ڕوویدا، یەکەم هەنگاو هەوڵدان بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی میدیا و تەلەڤیزیۆنی سودان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

بەیانیی ئەمڕۆ 25ی مانگ، کاتێک کۆمەڵێک فەرماندەی سەربازیی یەکەم هەنگاویان کۆنترۆڵکردنی میدیا و تەلەڤیزیۆنی سودان بوو و لەگەڵ ئەوەشدا کودەتاچییەکان، حەمزە بلوول، وەزیری ڕاگەیاندن، ئیبراهیم شێخ، وەزیری پیشەسازی و خالد عومەر، وەزیری کاروباری حکومەتیان دەستگیرکردووە و عەبدوڵڵا حەمەدۆک، سەرۆکوەزیرانی سودان لە ماڵەکەیدا دەستبەسەرە و فەیسەڵ محەممەد ساڵحی ڕاوێژکاری دەستگیرکراوە.

بابەتی پێشتر

لێدوانی ئەنچیلۆتی پاش كلاسیكۆ

بابەتی دواتر

نرخی نەوت 86 دۆلاری تێپەڕاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share