نەوال سەعداوی، ڕۆشنبیر و نوسەری ناسراوی میسر و جیهان شەوی ڕابردوو لە تەمەنی 90 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردەوە، پاش ململانێی لەگەڵ نەخۆشی و دواتر تێكچوونی باری تەندروستی كە بەهۆیەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، نەوال سەعداوی شەوی ڕابردوو كۆچی دواییكرد.
نەوال سەعداوی بە بیروبۆچوونە بوێرانەكان لە بوارەكانی پەیوەندیدار بە ئاین و بەرگری بەردەوامی لە مافەكانی ژنان ناسراو بوو.
نەوال سەعداوی لە 27ی تشرینی یەكەمی 1931 لەدایكبووە، پزیشك و نوسەر و چیرۆكنوسی میسری بوو،
كار و هەوڵەكانی نەوال خۆی لە بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ بەشێوەیەكی گشتی و مافەكانی ژنان بەشێوەیەكی تایبەت دەبینییەوە، یەكێك بوو لەو كەسانەی بەشێوەیەكی چڕوپڕ دژ بە پرسی خەتەنەكردنی مێینە دەوەستایەوە، خاوەنی ژمارەیەك كتێبە لەو بوارانەدا.
نوسەری كۆچكردوو چەند ڕێكخراوی تایبەت بە ژنان و مافەكانی مرۆڤ دامەزراندووە، جگەلەوەی لە ساڵی 2005دا خەڵاتی ئینانای نێودەوڵەتی لە بەلجیكا بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2012شدا خەڵاتی شۆن ماكبراید-ی بۆ ئاشتی لە نوسینگەی ئاشتیی نێودەوڵەتی لە سویسرا بەدەستهێناوە.