هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە نەورۆزدا بەڵێن دەدەن کە کاربکەن بۆ یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی کارەکانیان بە ئامانجی کاریگەری زیاتریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم نەرۆزەش حزبەکانی دیموکرات بە جیا ئاهەنگی نەورۆزیان پیرۆزکرد و سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانیش بەڵێن دەدات کاری هاوبەشیان زیاتر بکەن.
خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، “هەردوو حزبەکەی دیموکرات لەسەر خەتن بۆ یەکخستنی کارەکانیان و داڕشتنەوەی کاری پێشمەرگایەتی و کۆی ئۆرگانەکانی حزبەکان، تا بتوانین کاریگەری زیاترمان لە پرۆسەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبێت”.
بە وتەی خالد عەزیزی، لە رابردوودا هەوڵی زیاتریانداوە بۆ یەکخستنەوەی هەردوو حزبەکە و دوای نەورۆزیش هەوڵی جدیتر دەدەن بۆ ئەو کارە.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرکردایەتی مستەفا هیجری و حزبی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی خالید عەزیزی، هەردووکیان خۆیان بە میراتگری حزبی دیموکراتی کوردستان دەزانن کە لە ساڵی 1945 لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ،ک) دامەزرا.