هێزە ئەمنییەكانی عێراق پوچەڵكردنەوەی هەوڵێكی بەقاچاغبردنی نەوت لە كەركوك ڕادەگەیەنن، بەبێ ئاشكراكردنی لایەنی تێوەگلاو لە كردەكە، بەڵام بەرپرسان ئاماژە بەوەدەكەن لایەن و گروپە چەكدارە چالاكەكانی شارەكە لەپشت هەوڵەكەوەیە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، هەواڵگری سەربازی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی هەواڵگری كردە هاوبەشەكان لە كەركوك توانیویانە هەوڵێكی بەقاچاغبردنی 36 هەزار لیتر نەوتی خاوی پارێزگاكە پوچەڵبكەنەوە.
ئاشكراشیكرد، پڕۆسەكە پشتبەست بە زانیاریی هەواڵگریی ورد بووە و نەوتهەڵگرەكە لە ناوچەی ساقزلی لە دەوروبەری پارێزگای كەركوك دەستی بەسەرداگیراوە.
لەو هەڵمەتەدا نەوتهەڵگرەكە و شۆفێرەكەی و ئۆتۆمبێلێكی یاوەری دەستبەسەركراون.
بەیاننامەكە لایەنی بەرپرسی بەقاچاغبردنەكەی ئاشكرانەكردووە، بەڵام سایتی (عەرەبی جدید) لەسەر زاری بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتەوە ئاشكرایكرد كە كاری بەقاچاغبردنی نەوت بەشێوەیەكی بەردەوام لە پارێزگاكە ئەنجامدەدرێت و میلیشیا و گروپە چەكدارییەكانی بەو كارە تۆمەتباركرد.
ئەوەشی ئاشكراكرد، ئەمە دووەم هەوڵی پوچەڵكردنەوەی بەقاچاغبردنی نەوتە لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا.