ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر لەبارەی جەژنی نەورۆزەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لەسەر ڕێکارە ئیداریی و ئەمنییەکانی جەژنی نەورۆز ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئاگری نەورۆز بەبێ هیچ گردبوونەوەیەک لە هەولێر دەکرێتەوە.

ئەمە ڕاگەیەندراوەکەی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرە

یەکەم/ ئاگری سیومبولی نەورۆز به‌بێ هیچ گردبوونه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جەماوەری لەیەک شوێنی هەولێر کە لەلایەن پارێزگای هەولێر دەستنیشان کراوە دەکرێتەوە، هەرجۆرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی دیکە لەهەرشوێنێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە قەدەغەیە و هەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

دووەم/ سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، ئاگادار دەکەینەوە، گەشت و سەیران بەمەرجی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دروستنەکردنی قەرەباڵغی و گردنەبوونەوەی ژمارەی زۆری چەندین خێزان بەیەکەوە ڕێگە پێدراوە، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری (4) تۆن و ماتۆڕسکیل لە رۆژانی 20 تاوەکو 24ی ئازار بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

سێیەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان، بەرگریی شارستانی) و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكەی، بەپێی پلانێكی ئەمنیی تۆكمە بۆ ڕۆژانی نەورۆز و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان لە ناو شارو شارۆچکەکان ڕاسپاردووە لە ئامادەباشیی تەواودابن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی بكەن، ئەمە وێڕای دانانی مەفرەزەی گەڕۆك لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بە بەردەوامی و هێزە هاوبەشەكان و تیمەکانی تەندروستیش لەسەیرانگاكاندا بۆ گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان لەئەرک دادەبن.

چوارەم/ لە بازگەکانی هەولێر، لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئامادەباشی تەواوکراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و گروپی گەشتیاری بۆ هەولێری پایتەخت، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییەكی تەواو كراوە تاوەکو ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت، بەپێی ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی پێشوو کە هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ده‌بێت پشکنینی کۆرنای کردبێت و 72 كاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت، بۆیە داواکارین لەهەموو لایەک پابەندی لەو بڕیارە بکەن.

پێنجەم/ وێڕای ده‌ستخۆشی له‌بەرپرس و ئەفسەرانی بازگەکان و کارمەندانی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانییان، ڕامانسپاردوون بەمەبەستی دروستنەبوونی قەرەباڵغی (تاسە)ی نێو بازگەکان هەڵبگیرێت و لە هەموو ڕوێکەوە لەگەڵ هاوڵاتییان سیمای جوان و سەردەمیانەی هەولێری پایتەخت لە میوانداری و میوان دۆستیدا نیشان بدرێت، لەڕۆژانی نەورۆزدا لەکاتی گەشت و سەیران ئاسانکاری تەواو بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان بکرێت.

شەشەم/ پاک ڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان و پاراستنی ژینگە، ئەرکی هەمووانە بەبێ جیاوازی، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، لەکاتی گەشت و سەیران و چوونەدەرەوەیاندا بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ پاراستن و پاک و خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و پارێزگاریکردن لە درەخت و سەوزاییەکان بکەن و پاشماوە و پیسی و ئاگر لەدوای خۆیاندا لەشوێنەکان جێنەهێڵن.

حەوتەم/ داوا لەهاوڵاتییان دەکەین، لەم قۆناغە هەستیارەدا کە بەداخەوە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بەشێوەیەکی خێرا بڵاو دەبێتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی تووش بووان لە زیادبووندایە، بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مامەڵە لەگەڵ بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بکەن و لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان، پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن و (دەمامک) ببەستن.

بابەتی پێشتر

تۆمەتباری بکوژی منداڵەکەی کەلار خۆی کوشت

بابەتی دواتر

بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share