چۆن 14ی تشرینی دووەم وەك ڕۆژی سلێمانی یەكلاكرایەوە؟

شاری سلێمانی

بە دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆتایی بەو مشتومڕە هێنرا كە لەبارەی ڕۆژی دامەزراندنی سلێمانی لەئارادابوو، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت، ڕاوێژیان بە 18 كەسایەتی ئەكادیمی و شارەزا كردووە جگە لە پشتبەستن بە بەڵگەیەك.

لە كۆبوونەوەی 69هەمینی خۆیدا كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی وەك ڕۆژى سلێمانى دەستنیشانکرد.

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، وەك ڕوونە چەندین ساڵە لە 14ی تشرینی دووەم یادی دامەزراندنی سلێمانی دەكرێتەوە، بەڵام ڕۆژەكە مشتومڕ و ڕای جیاوازی زۆری لەسەربوو، بۆیە دوای دروستبوونی ئەو جیاوازیانە پارێزگاری سلێمانی و وەزارەتی ڕۆشنبیری بە سێ نوسراوی جیا داوایان لە ئەنجومەنی پارێزگا كرد ئەو بابەتە یەكلابكەنەوە.

وتیشی، “ئێمەش لە 30ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو لە هۆڵی ئەنجومەن میوانداری 18 كەسایەتی ئەكادیمی و شارەزامان كرد، دوای ڕاوێژ و گفتوگۆی چەند كاتژمێری پشتبەست بە بەڵگەیەكی دەستنوس ڕۆژی 14ی تشرینی دووەم دیاریكرا”.

دەربارەی بەڵگەكە ئازاد حەمەئەمین ڕوونیكردەوە، دەستنوسەكە كە هەمووان كۆك بوون لەسەری، ئەوەی مامۆستا مەلاعومەرە كە ڕوونیدەكاتەوە سلێمانی لە ساڵی 1999ی كۆچی بونیادنراوە، ئەو ساڵەش هاوتایە لەگەڵ ساڵی 1874ی زاینی، 1ی 1ی ساڵی 1999ی كۆچی بەرامبەرە بە 14ی تشرینی دووەمی 1874ی زاینی.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاریشدرا كە مەرج نییە یادكردنەوەی بۆنەكە تەنها لە ڕۆژێكدا بێت، بەڵكو دەكرێت لەماوەی هەفتەیەكدا كار و چالاكییە ڕۆشنبیری و هونەرییەكان بەو بۆنەیەوە ئەنجامبدرێت.

دوابەدوای ئەو وتوێژ و بڕیارانە ئەمڕۆش ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی 24 ئەندام لەكۆی 25 ئەندامی ئامادەبوو، دیاریكردنی ڕۆژەكەی یەكلاكردەوە.

مامۆستا مەلا عومەر كە دەستنوسەكەی وەك بەڵگەی یەكلاكەرەوەی ڕۆژی دامەزراندنی سلێمانی بەكارهێنرا، زانا و شاعیرێكی بەناوبانگی كوردە.

بابەتی پێشتر

عێراق پارە دەداتە ئەو كۆچبەرانەی لە بیلاڕوسیا و پۆڵەنداوە دەگەڕێنەوە

بابەتی دواتر

یەكەمین كۆمپیوتەری ئەپڵ بە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار خرایە زیادكردنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share