بۆرما.. ئۆنگ سان سوكی بە گەندەڵی تۆمەتباردەكرێت

ئۆنگ سان سوكی

سەربازە دەسەڵاتدارەكانی بۆرما تۆمەتێكی نوێ ئاراستەی ئۆنگ سان سوكی سەرۆكی لەسەركارلادراو دەكەن و دەڵێن، بەرتیلی بە بەهای 550 هەزار دۆلار لە سەرمایەدارێكەوە وەرگرتووە.

كەناڵی (ئێم ئاڕ تی ڤی)ی حكومی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 17ی ئازار تۆمارێكی ڤیدیۆیی بەڵێندەرێكی خانووبەرەی بڵاوكردەوە كە تیایدا پێدانی ئەو بڕە پارەیە بە چەند بەشێك لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بە ئۆنگ سان ڕادەگەیەنێت.

تەلەفزیۆنەكە دەشڵێت، پشتبەست بەو دانپیادانانە، دەسەڵاتدارانی سەربازی بۆیان ئاشكرابووە كە ئۆنگ سان سوكی لە گەندەڵی تێوەگلاوە و دەسەڵات كار لەسەر تۆمەتباركردنی بەشێوەی فەرمی دەكات.

بەڵام پارێزەری سەرەكی پێشووی حكومەت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس وتی، ئەم زانیارییە نوێیانە “هیچ بنەمایەكی ڕاستیان نییە و پوچە”.

ئەوەشی وت، “دەشێت كرێگرتەكەم هەندێك كەموكوڕی هەبێت، بەڵام گەندەڵیكردن لە سروشتی ئەودا نییە” جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە بۆرماییەكان باوەڕ بەم تۆمەتە نوێیانە ناكەن.

پێشتر چوار تۆمەت ئاراستەی ئۆنگ سان (تەمەن 75 ساڵ) كرا لەدوای ئەوەی لە 1ی شوباتی ڕابردوو كودەتای سەربازی بەسەر دەسەڵاتەكەیدا كرا، لەوانەش هاوردەكردنی ئامێری پەیوەندی لاسكی بەشێوەی نایاسایی و پابەندنەبوون بە ڕێوشوێنەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێشێلكردنی یاسای پەیوەندییەكان و هاندان بۆ ناڕەزایەتی گشتی.

هەفتەی ڕابردوو سوپای وڵات كردنەوەی لێكۆڵینەوەی لە پرسی گەندەڵیدا ڕاگەیاند و ئۆنگ سان-ی بە كۆكردنەوەی 600 هەزار دۆلار و زیاتر لە 11 كیلۆگرام زێڕ بەشێوەی نایاسایی تۆمەتباركرد، لەكاتێكیشدا ئەگەر ئەو هەڵگرەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی 1991 ئەو تۆمەتانەی بەسەردابدرێت، بە چەندین ساڵ بەندكردن سزادەدرێت و دەشێت لە ژیانی سیاسی دوربخرێتەوە.

س: مۆنت كارلۆ

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی و عەمار حەکیم پرسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالكراوانیان تاووتوێ كرد

بابەتی دواتر

زیاتر لە 500 توشبووی نوێی كۆرۆنا لە هەرێم تۆماركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share