قوباد تاڵەبانی، تەیموری تاقانەی ئەنفال دەباتە بەغداد

قوباد تاڵەبانی و تەیموری تاقانەی ئەنفال

سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد، تەیموری تاقانەی ئەنفال لەگەڵ شاندەكەیدا دەباتە بەغداد.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئازار شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم گەیشتە بەغداد.

تەیموری ئەنفال، تاقانەی بەجێماوی ئەنفال لە پەرەی خۆی نوسیویەتی، ئەمڕۆ لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا لەگەڵ تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێكەوتین.

دەشڵێت، “ئەو تیمە بۆ کاری ڕێکەوتنی هەولێر لەگەڵ بەغداد هاتوون، بەندەش بە هاوکاری قوباد تاڵەبانی بۆ پرسی هەڵەبجە و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی هاتووم”.

تەیمور ئاماژە بەوەشدەكات، لە بەغدادەوە داوای مافە زەوتکراوەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەكات و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا بۆ ئەو مەبەستە چەند دیدار و کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، سەردانی ئەمجارەی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد بەمەبەستی ئاگاداربوونە لە هەر گۆڕان و پێشهاتێكی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا.

وتیشی، “بڕیارە شاندەكە ئەمجارەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆببنەوە تایبەت بەو دەقەی بودجە كە پەیوەستە بە خەڵكی كوردستانەوە تا وەك خۆی چۆن هاتووە تێپەڕێندرێت”.

فارس عیسا ئەوەشی ئاشكراكرد، هەموو بۆچوونەكان بەرەو ئەوەیە ڕۆژی پێنجشەممە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامبدرێت، سەردانەكەی ئەمجارەی شاندی هەرێمیش لەچوارچێوەی ئەو ئەگەرەدایە.

بابەتی پێشتر

گۆرانییەكەی هەڵەبجە كێشەی ناوەتەوە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ڕیاڵ و سیتی بە دوو بردنەوە گەیشتنە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
20
Share