بە پێنج خاڵی گرنگ ڕیاڵ مەدرید ڕیمۆنتادای ئاتالانتا پوچەڵ دەکاتەوە

ڕیاڵ مەدرید پێویستی بەوەیە بەرانبەر ئاتالانتا گوشارەکان کپ بکاتەوە

ئەمشەو، سێشەممە سەرنجی هەمووان لەسەر ڕوبەڕوبوونەوە ئەوروپییەکانی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکان دەبێت، کە پێگەی دوو یانەی دیکە یەکلاییدەکاتەوە.

ڕیاڵی شاهانە لە یاری چوونی قۆناغی 16 لە ئیتاڵیا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام براوەبووە، بەڵام یاری گەڕانەوە بەرانبەر ئەسپی ڕەشی ئیتاڵیا هەرگیز ئاسان نییە و پێویستە بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو ڕیمۆنتادایەی ئیتاڵییەکان پلانیان بۆ داڕشتووە ڕەچاوی پێنج خاڵی گرنگ بکەن.

  1. کپکردنەوەی گوشارەکان: ئەوەی شارەزایان لێی دڵنیان، لە دەستپێکەوە ئاتالانتا گوشاری توند دروستدەکات، پێویستە کوڕانی زێدان هەوڵی خاوکردنەوەی ڕیتمی یارییەکە بدەن تاوەکو گوشارەکان کەمدەکەنەوە.
  2. گواستنەوەی تۆپ لە بەرگریەوە: تیبۆ کۆرتوا و بەرگریکارانی ڕیاڵ هەمیشە دەیانەوێت لە ڕێگەی گواستنەوەی کورتەوە تۆپ لەناوچەکانی خۆیان ئاڕاستەی نیوە یاریگای یانەی ڕکابەر بکەن، ئەوەش بەرانبەر ئەو یانانەی شارەزای گووشارکردنن زیانی گەورەی لێداون.

بەرانبەر ئاتالانتا پێویستیان بەوەیە بە تۆپی درێژ لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبەران یاریبکەن، بەو شێوەیە خۆیان لە هەڵە دەپارێزن و ڕێگری لە بیری هێرشبەری گاسپرینی دەکەن.

  1. پشتبەستن بە خێرایی نەک پۆزیشن: لە یاری چووندا لە ڕێگەی گرنگیدان بە پۆزیشن، ڕیاڵ مەدرید سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام بۆ یاری گەڕانەوە پێویستیان بە خێرایی دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی پۆزیشن یانەی ڕکابەر لەڕووی جەستەییەوە ماندوو دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بە خێرایی دەتوانن یانەی ڕکابەر ناچاری بەرگریکردن و گەڕانەوە بدەن بۆ ناچەکانی خۆیان.

  1. بەشداریکردنی کەمترین هەڵەکار، نەک باشترینەکان: لەم یارییەدا زێدان پێویستی بە بەشداریکردنی ئەو یاریزانانەیە کە کەمترین هەڵە دەکەن، نەک باشترینی یانەکەن.

بۆ نمونە: ڤینیسیۆز جونیۆر لەڕووی هونەریەوە لە ڕۆدریگۆ باشترە و باشتریش لە ‌هێڵی بەرگری ڕکابەران دەدات، بەڵام لەم یارییەدا ڕۆدریگۆ بژاردەیەکی گونجاوترە و بەهێزتر ململانێی یانە ڕکابەرەکان دەکات و پابەندبوونی تاکتیکشی باشترە.

  1. بەشدارینەکردنی ئاسینسیۆ: بابەتە هونەری و تاکتیکی نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە ئاسینسیۆ کە ئاستی لەم وەرزەدا بەپێی پێویست نەبووە، لە هەر ڕوبەڕوبوونەوەیەکدا بەشداریکردبێت سیستمی هێرشبردنی پێکهاتەی زێدانی شێواندووە، بۆیە بەشداریکردنی ڕۆدریگۆ و ئیسکۆ باشترین بژاردەیە بۆ پلانەکانی زیزۆ.
بابەتی پێشتر

دۆلار لە دابەزین بەردەوامە

بابەتی دواتر

حکومەت و پەرلەمان بەڵێنی پڕۆژە دەدەن و هەڵەبجەییەکانیش گلەی دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share