چیرۆکی ئەو مۆسیقایەی ئێمە بۆ هەڵەبجە دەیناسین و ئێرانییەکان بۆ مەرگی خومەینی

مۆسیقای “نەی نەوا” یان “نەوای نەی” پارچە مۆسیقایەکی درێژە کە 36 ساڵە لەناو گوێی ئێرانییەکان و خەڵکی باشوردا بۆ مەرگی دەیان کەسایەتی و شیوەنگێران گوێمان لێی بووە، بەڵام لە چیرۆکی ئەم مۆسیقایە لەکوێوە دێت؟

مۆسیقای “نەی نەوا” کە بەهەمان ناوی ئەلبومەکەوە ناونراوە یەکێکە لە شاکارە قوڵ و نەمرەکانی هونەرمەند “حسێنی عەلیزادە” کە دوای بڵاوبوونەوەی بەهۆی بەکارهێنانی بۆ چەند ڕوداوێکی مێژووی بەردەوام لە گوێی مۆسیقا دۆستاندا دێت و دەچێت.

کورد چۆن مۆسیقاکە دەناسێت؟

دوای نزیکەی 20  ساڵ لە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی مۆسیقاکە بەهۆی جیاوازی لە ڕیتم و خەمناکی بەشێکی زۆری پارچە مۆسیقاکە بۆ مەرگی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە لە ساڵیادی کارەساتەکەدا بەکاردەهات، تا وایلێهات بەشێک لە ئێمە گوێمان لە مۆسیقاکە دەبێت دەڵێین “ئەوە مۆسیقاکەی هەڵەبجەیە”.

جگە لە بەکارهێنانی مۆسیقاکە بۆ شەهیدانی هەڵەبجە مۆسیقاکە لەلایەن حزبە جیاوازەکانەوە بۆ مەرگی سەرۆک و ئەندامانی لێدەدرا و مۆسیقاکە لەناو گوێی بیسەری کوردا تەواو چەسپا کە مۆسیقای شەهیدانە.

هۆکارێکی دیکەی بڵاوبوونەوەی مۆسیقاکە لەناو هەرێمی کوردستاندا پەیوەستە بەوەوە سەرەڕای ئەوەی لە 90 کانی سەدەی ڕابردوو حزبە ئیسلامییەکان لێدانی مۆسیقایان پێ حەرام بوو، بەڵام مۆسیقای “نەی” یان “فلود” یان لێدەدا وەک ئەو باوەڕە ئاینییەی کە پێیان وابوو ئاساییە دەف و فلود وەک ئامێری مۆسیقا لێبدرێت و گوێی لێبگیرێت، چونکە بەشێکی مۆسیقای “نەی نەوا” بە فلود لێدراوە.

لە ئێرانیش هەمان حاڵەت ڕویدا کاتێک مۆسیقاکە لەناو گوێگران و مۆسیقادۆستاندا بڵاوببویەوە لە ساڵی 1989 دا ڕوحوڵا خومەینی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆچی دواییکرد، لێدانی مۆسیقاکە بۆ مەرگی خومەینی وایکرد خەڵکێکی زۆر مۆسیقاکە بەوەوە بناسنەوە کە بۆ مەرگی ئەو کەسایەتییە سیاسی و ئاینییە لێدراوە.

چیرۆکی مۆسیقاکە چییە؟

مۆسیقای نەی نەوا کە هەمان ناوی ئەلبومەکەشە لە ساڵی 1984 دا لەلایەن هونەرمەند و مۆسیقادانەری ئێرانی، حوسەینی عەلیزادەوە لێدرا و تۆمارکرا، لە هەمان ساڵدا ناوەندی هونەری “ماهور” پارچە مۆسیقاکەی بڵاوکردەوە، ئەگەرچی سەرەتا مۆسیقاکە ناوبانگی پەیدا نەکرد، بەڵام دواتر بە شێنەیی بەناو مۆسیقادۆساتاندا بڵاوبوویەوە و مەرگی خومەینیش دوای 5 ساڵ تینیدایە مەودای بڵاوبوونەوەی مۆسیقاکە.

نەی نەوا، دووەمین شاکاری حوسەینی عەلیزادە بوو کە بەشێوەی “ئۆکسترا” لێدرابوو پێش ئەوە سرودێکی بە ئۆکسترا بۆ ڕۆژی جیهانی کرێکاران ئامادە کردبوو، بەڵام بڵاوبوونەوەی نەی نەوا بە شاکارەکەی پێشوتر هەرگیز بەراورد ناکرێت.

حوسەینی عەلیزادە لەبارەی مۆسیقاکەوە دەڵێت، “ناونان و کارکردن لەسەر مۆسیقاکە پەیوەستە بە خۆشەویستی خۆمەوە بۆ ئامێری فلود یان نەی، ئەمە وایکرد کار لەسەر مۆسقاکە بکەم و پاشان چەند پارچەیەکی دیکەی بۆ زیادبکەم و بتوانم ڕێکی بخەم بەشێوەی ئۆکسترا بژەنرێت”.

حوسێنی عەلیزادە لەبارەی وەرگرتنی مۆسیقاکەوە وەک مۆسیقایەکی “ئاینی، لای بەشێکی زۆر لە گوێگرانی مۆسیقا دەڵێت، “گەورەی مۆسیقای نەی نەوا لەوێدایە کە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و بۆ زۆر مەراسیمی جیاواز بەکاردێت، بەڵام من مۆسیقای ئاینیم دروست نەکردووە، ئەگەریش وەک دەوترێت مۆسیقاکەی من بۆ مەرگی ئیمام حسێن یان هەر کەسایەتییەکی دیکە لێدراوە و گونجاوە، ئەوە من شانازی دەکەم”.

بەشێکی دیکەی سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی مۆسیقاکە زەقکردنەوەی ئامێری “نەی” یە تێیدا و ژەندنی ئامێرەکەش لە پارچە مۆسیقاکەدا لەلایەن هونەرمەندی ناسراو “جەمشیدی عەندەلیبی”یەوە هێندەی دیکە هاوکار بوو بۆ بڵاوبوونەوەی مۆسیقاکە.

 عەلیزادە لەبارەی سەرەتای دروستکردنی مۆسیقاکەوە دەڵێت، “نزیکەی دوو ساڵ نەی نەوا تەنها فکرەیەک بوو لەسەرمدا، کە ئەوکات تەمەنم 23  بۆ 24 ساڵ بوو، مۆسیقاکەم بە چەندین ڕیتمی جیاواز و ئامێری جیاواز تاقیکردەوە، دواتر کە لەسەر شێوازێک ڕێککەوتم پێنج مانگی خایاند تا توانیمان ئەو پارچە مۆسیقایە دروست بکەین”.

ئەگەرچی شاکارەکەی حوسەینی عەلیزادە لە مێژووی مۆسیقای ئێرانیدا دوبارە بوونەوەی نییە، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت لێدانی مۆسیقاکە بۆ بۆنە غەمگینەکان وایکرد دوای نزیکەی 40 ساڵ هێشتا نەی نەوا لە گوێماندا مۆسیقایەکی ئاشنا بێت.

بابەتی پێشتر

ئێران ڕەتیدەکاتەوە دەستی هەبێت لە هێرشەکانی سەر عێراق

بابەتی دواتر

نرخی دۆلار دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share