فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئاشكرایكردووە، شكستیان بە هەوڵێكی داعش هێناوە بۆ دزەكردنە ناو عێراقەوە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئازار، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، “هێزەكانی فەوجی سێی لیوای شەش لە فەرماندەیی سنوور لە ناوچەی شەش، شەوی ڕابردوو ڕێگرییان لە گروپێك لە تیرۆریستانی داعش كردووە كە بە نیازبوون لە سنووری سوریاوە بێنە ناو خاكی عێراق”.
ئەوەش ئاشكراكراوە، “ئەو گروپەی داعش، لە ناوچەی دۆكجیی هاوسنوورەوە لە ڕۆژئاوای چیای شەنگالەوە هەوڵیان داوە دزە بكەنە ناو عێراقەوە”.
ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەو هێزە عێراقییانە لەلایەن گروپێكی دیكەی تیرۆریستییەوە لە چیای شەنگال دووچاری هێرش بوون و ماوەی نیو كاتژمێر ڕوبەڕوبوونەوەی چەكداری ڕویداوە”.
لەو هێرشەدا سەربازێكی عێراقی كوژراوە، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.