پەرلەمانتارێك ڕەتیدەكاتەوە پشكی هەرێم تاكە هۆكاری دواكەوتنی یاسای بودجە بێت

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی سائیرون ڕەتیدەكاتەوە ناكۆكییەكان دەربارەی پشكی هەرێم، تاكە هۆكاری دواكەوتنی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بێت.

ڕیاز مەسعودی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سائیرون ئەمڕۆ شەممە 13ی ئازار وتی، كێشە و ناكۆكییەكان دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 تەنها بەهۆی پشكی هەرێمی كوردستانەوە نیە، بەڵكو ناكۆكی هونەری دیكە هەیە لەوانە پرسی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار، هەروەها پرسی پلە وەزیفییەكان لە یاساكەدا، سەرەڕای ئەو پارە زیادەیەی لەئاكامی بەرزبوونەوەی نەوت هەیە، هی دیكەش.

ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان وتیشی، “تائێستا هیچ سازانێك لەسەر تێپەڕاندنی یاسای بودجەی 2021 لە دانیشتنی دووشەممەی داهاتوودا نییە” ئەوەشی ڕونكردەوە، دانانی پرۆژە یاساكە لە بەرنامەی كار واتای تێپەڕاندنی یان ڕەزامەندیدان لەسەری نایەت.

مەسعودی ئەگەری تێپەڕاندنی یاساكەی بەبێ ڕێككەوتنی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەسەری بەدوورزانی، جەختیشیكردەوە، “بەڵام ئەم ڕێككەوتنە تا ئەم كاتژمێرە نەهاتووەتەدی”.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستا-ی وت، “لە ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەدا بڕیارە پرۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی، بەڵام ئەگەری زۆرە دوابکەوێت”.

وتیشی، “هەریەکە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەیی گشتیی عێراق و یاسای دادگای فیدراڵی بەربەستن لەبەردەم پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەدا”.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا لایەنە شیعییەکان کە ناڕاین لەسەر ئەو دەقەی لە پرۆژەیاساکەدا بۆ پشکی هەرێم دیاریکراوە هیچ دەقێکی جێگرەوەیان پێشکەشنەکردووە کە هەموویان لەسەری کۆکبن، تەنها یەک پێشنیار هەیە کە داوای 460 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکەن لەبری 250 هەزار بەرمیلەکەی هەرێم و ئەوەش هەموویان هاوڕانین لەسەری.

دووشەممەی ڕابردوو محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا پرۆژەیاسای بودجە بخرێتە ناو بەرنامەی كاری دووشەممەی داهاتوو، پاش ئەوەی داواكارییەكی بە واژووی زیاتر لە 150 پەرلەمانتار بەدەستگەیشت.

بابەتی پێشتر

تۆمەتباری چوارەمی ڕوداوی كوشتنی گەشتیارە عەرەبەكە دەستگیركرا

بابەتی دواتر

وەزیری تەندروستی دەستی لەكاركێشایەوە.. بەهۆی نەمانی ئۆكسجینەوە 6 توشبووی كۆرۆنا لە ئوردون گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share