بەڕێوبەرایەتیی كارەبای سلێمانی ئاشكرایكردووە، بەستنی پێوەری زیرەك لە سنووری شارەكە 200 هەزاری تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئازار، لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ڕایگەیاندووە، “لە سنوورى ناوشارى سلێمانى کارکردن لە پرۆژەى پێوەرى زیرەکى کارەبا بەردەوامە، تا ئێستا لە ناو شارى سلێمانى زیاتر لە 200 هەزار پێوەر بۆ هاوبەشانى کارەبا لە (68) گەڕەکى ناوشار و دەرەوەى سلێمانى دانراوە”.
كارەبای سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “پرۆژەى پێوەرى زیرەکى کارەبا یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانى وەزارەتى كارەبا بۆ چارەسەرکردنى کێشەى كارەبا و گۆڕینى سیستمى بەڕێوەبردنى ئەو کەرتە و لە ناوەڕاستى ساڵى 2019 دەستکراوە بە جێبەجێکردنى و بەپێی پلانى کارکردنى بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەكە تەواو بێت”.
بەگوێرەی لێدوانێكی پێشووتری كارەبای سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، “لە سنووری پارێزگای سلێمانی 650 هەزار هاوبەشی كارەبا هەن”.
بەگوێرەی ئاماری فەرمی وەزارەتی كارەبای هەرێم، یەك ملیۆن و 500 هەزار بەشداربووی كارەبا لە هەرێمی كوردستاندا هەن و بڕیارە بۆ سەرجەمیان پێوەری زیرەك ببەسترێت.