هەدەپە لە بەردەم مەترسی قەدەغەكردندایە

لە ساڵی 2016ەوە لەژێر فشاری حكومەتی توركیایە

پارتە سەرەكییەكەی كورد لە توركیا ساڵانێكە لە بەردەم فشاری گەورەدایە، دواینیشیان ئەو ڕێوشوێنەیە كە لەلایەن دادگای توركیاوە دەستپێكردووە تایبەت بە قەدەغەكردن و داخستنی، لەكاتێكدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا دەیەوێت پێگەی خۆی بەر لە هەڵبژاردن بەهێز بكات.

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، سێیەم پارتی ناو توركیایە كە لە ساڵی 2016ەوە ڕوبەڕووی سەركوتكردن دەبێتەوە، پاش ئەوەی پێشتر سەڵاحەدین دەمیرتاش-ی هاوسەرۆكی خزێندرایە بەندینخانەوە.

بەپێچەوانەی ڕەخنە و گازندەكانی ئەوروپاشەوە، دەسەڵاتدارانی توركیا بەردەوام بوون لە هەڵمەتەكانی دەستگیركردن و دورخستنەوەی بەرپرسانی هەڵبژێردراوی حزبەكە لە شارەوانییەكان و دانانی قەیوم لە جێگایاندا.

لەئێستاشدا ئایندەی پارتەكە لەبەردەم مەحەكدایە پاش ئەوەی باڵاترین دادگای وڵاتەكە هەفتەی ڕابردوو لێكۆڵینەوەی لەبارەیەوە دەستپێكرد هاوكات لەگەڵ چڕكردنەوەی هێرشەكانی ئەردۆغان بۆ سەری.

لێكۆڵینەوەكە، كە داواكاری گشتی لە دادگای پێداچوونەوە ئەنجامیدەدات، پێدەچێت بگاتە بڕیاری قەدەغەكردنی هەدەپە لەكاتێكدا ئەگەر بە تێوەگلان لە “چالاكییە تیرۆرستییەكان” تۆمەتباری بكات.

سەرۆكی توركیا پارتەكە بە “ڕوكاری سیاسی” پارتی كرێكارانی كوردستان ناودەبات و تۆمەتەكانیشی بەرامبەری لەو چوارچێوەیەدایە، لە بەرامبەریشدا هەدەپە تۆمەتەكە ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت، بووەتە قوربانیی سەركوتكردن بەهۆی بەرهەڵستییەكانیان بەرامبەر سەرۆكی توركیا.

ڕاگەیاندنی دەستكردن لە لێكۆڵینەوە لە هەدەپە پاش ئەو بانگەشە بەردەوامانەی قەدەغەكردنی بوو كە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، لە پارتی كاری نەتەوەیی (ڕاستڕەوی توندڕەو) و هاوبەشی ئەردۆغان لە حكومەتدا چەندبارە دەكرایەوە.

بەپێی سایتی ئەلحوڕە، پاش شكستهێنانی ئەو پڕۆسە سەربازییەی بۆ ئازادكردنی 13 بەندكراوی تورك لەدەست هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزەكانی توركیاوە ئەنجامدرا و بە كوژرانی سەرجەم بەندكراوەكان كۆتایی هات، ئەردۆغان و باخچەلی هێرشەكانیان بۆ سەر پارتی دیموكراتی گەلان چڕكردووەتەوە.

هاوكات لەگەڵ كردنەوەی لێكۆڵینەوەكەشدا، پەرلەمانی توركیا هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر 20 پەرلەمانتاری لایەنگری كورد تاوتوێكرد.

لەكاتێكدا باخچەلی لە پێشەوەی ئەوانەدایە كە داوای قەدەغەكردنی هەدەپە دەكەن، بەڵام پێدەچێت ئەردۆغان سودمەندی یەكەم بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ترسی هەیە لە لەدەستدانی كۆنتڕۆڵی پارتەكەی بەسەر پەرلەماندا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو وەك ئەوەی شارەزایان ئاماژەی پێدەكەن.

بەپێی ئەنجامی دوایین ڕاپرسییەكان ئاستی جەماوەریی هاوپەیمانییەكەی ئەردۆغان و باخچەلی لە پاشەكشەدایە بەهۆی ئەو دۆخە ئابورییە دژوارەی لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا وڵاتەكەی گرتووەتەوە.

غالب دالای، توێژەر لە دامەزراوەی (رۆبەرت بوش ئەكادیمی) لە لەندەن و لە سەنتەری (شاتام هاوس) بۆ توێژینەوە پێیوایە، “حكومەت لە دۆخێكی شەرمەزارانەدایە… نازانێت دەبێت چی بكات بۆ هەڵگەڕاندنەوەی ئەم ئاراستەیە”.

وتیشی، “لەكاتێكدا ئەگەر ئەردۆغان پێیوابێت قەدەغەكردنی پارتی دیموكراتی گەلان خزمەتی باشترین ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی دەكات، پێموانییە ڕوبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە لە گەیشتن بەو ئامانجە”.

جێگرەوە زۆرن
سەرەڕای ئەو هەنگاوانە، هەدەپە جەختدەكاتەوە لەوەی بزوتنەوەی سیاسیی كورد توانای بەردەوامیدانی هەیە.

پێشتر چەندین پارتی دیكەی نزیك لە كورد داخراون وەك پارتی گەلی دیموكرات لە ساڵی 2003دا، بەهەمان تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان-دا.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس-ی ڕاگەیاند، “ئایا لە چوونە ناو سیاسەت دەوەستین ئەگەر حزبەكەمان قەدەغە بكرێت؟ بێگومان نەخێر.. جێگرەوەی زۆر هەیە”.

وتیشی، “لە ڕابردوودا پارتەكانمان قەدەغەكران و پارتی دیكەمان دامەزراند. لە هەموو جارەكانیشدا ڕیزەكانمان پتەوتركرد”.

بژاردە قورسەكە سەبارەت بە ئەردۆغان ئەوەیە كە پێویستە بە وردی كاریگەری هەنگاوێكی لەو جۆرە تاوتوێ بكات لەكاتێكدا دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕۆژئاوا چاكبكاتەوە و بەڵێنی چاكسازی گەورەی لە بوارەكانی مافی مرۆڤدا داوە، وەك ئەوەی دالای باسیدەكات.

وەك ئاماژەیەكیش بۆ ئەو دۆخە، كردنەوەی لێكۆڵینەوە لەلایەن دادگای تەمیزەوە ڕاگەیەنرا پاش ڕاگەیەنراوەكەی ئەردۆغان دەربارەی “پلانی كاری پتەوكردنی دەوڵەتی یاسا” بە ئامانجی لەبەرچاوگرتنی خواستەكانی وڵاتانی ئەوروپا.

ئەحمەد داود ئۆغلو دژی قەدەغەكردنی هەدەپەیە لە توركیا

حزبەكەی ئەردۆغان بەڵێنی داخستنی هەدەپە دەدات
لە سەرەتای ئەم مانگە جاهید ئۆزكان، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا وتی، “هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی گەلان ئامانجەكەی كردنەوەی دەروازەیە لەبەردەم پرسی هەڵوەشاندنەوەی حزبەكە.. پارتە كوردییەكە لەڕێی سیاسی و دادوەری دادەخەین، لەناو ویژدانی گەلی توركیادا لەناویدەبەین”.

بە وتەی ئۆزكان، “شەش ملیۆن هاوڵاتی دەنگی بۆ پارتی دیموكراتی گەلان داوە بەهۆی خواستیان لەسەر ئاشتی پشتبەست بە وتارەكانیان دەربارەی دیموكراسیەت و ئازادی كە لەلایەن ئەندامەكانیەوە ناوبەناو باسی لێوەدەكرێت، بۆ ئەوە دەنگیان پێنەداوە ببێتە پاشكۆی ڕێكخراوێكی تیرۆرستی، بۆ ئەوەش نییە كە ڕێكخراوێكی تیرۆرستی لێوە دروستببێت”.

پێشتر میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لە وەڵامی دەنگۆی داخستنی پارتەكەیدا وتی، پرسی گرنگی ئەوان خەڵک و بێکاری و ئەو تاڵانیەیە کە دەسەڵات دەیکات.

سانجار ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی ئاگادارکردەوە کە گوێ بەو فشارانە نەدەن کە هەڕەشەی داخستنی هەدەپە دەکەن.

س: ئەلحوڕە + ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

تونێلێكی نهێنی تەمەن 900 ساڵ لە وێڵز ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

باوكی خۆپیشاندەرێكی ڕفێندراو كە بەدوای كوڕەكەیدا دەگەڕا ئەمڕۆ كوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share