دەربارەی بەربەستی نرخی دۆلار لە بەردەم پەسەندكردنی پرۆژەی بودجە ڕونكردنەوە دەدرێت

“حكومەت پلانێكی ئابوریی دیاریكراوی هەیە”

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمان لەبارەی ڕێگری نرخی نوێی دۆلار لە بەردەم پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق ڕونكردنەوە دەدات.

محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئازار وتی، “ئەو گۆڕانكارییەی بەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی كراوە، ڕێگرنییە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی 2021، ئەو پرسە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە و لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە و ئێمەش پابەندین بە دەنگدان لەسەری”.

وتیشی، “حكومەت پلانێكی ئابوریی دیاریكراوی هەیە و دەیەوێت لە پرۆژەی بودجەدا جێبەجێی بكات”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی دارایی داوای لە حكومەت نەكردووە نرخی ئاڵوگۆری دۆلار بەرامبەر دینار بگۆڕێت، چونكە دەزانێت وەڵامەكەی ڕەتكردنەوە دەبێت.

پێشتریش جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی وتی، نرخی ئێستای ئاڵوگۆڕی دۆلار كە لەلایەن حكومەتەوە لە پرۆژە یاسای بودجەدا دیاریكراوە، بژاردەیەكی ناچارانەیە و بەردەوام دەبێت تا هاتنی پرۆژە یاسایەكی نوێی بودجە.

كۆچەر ئەوەشی وت، “سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشنیاری نرخی 1600 دیناری بەرامبەر دۆلار كردووە، بەڵام بانكی نێودەوڵەتی پێشنیاری بەرزكردنەوەی بۆ 1450 كرد و حكومەتیش ئەو بژاردەیەی دیاریكرد.

دوپاتیشیكردەوە، هەمووان دەزانن ئەم بژاردەیەی حكومەت پەنای بۆ برد، ناچارانەیە بەهۆی ئەوەی كورتهێنانی دارایی لە پرۆژە یاسای بودجەدا بەر لە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار 100 ترلیۆن دینار بوو.

هەروەك عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێكدا وتی، نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بڕیارێكی حكومەتە و ناكرێت ڕۆژانە بەپێی ویست بگۆڕدرێت.

ئەوەشی وت، “بازاڕ نرخی ئیستای قبوڵكردووە و لەمیانەی دوو ساڵی داهاتوودا دەبێتە هاندانی كەرتی تایبەت و بەهێزكردنی یەدەگ”.

س: بەغداد لیەوم، ئاژانسی هەواڵی عێراق

بابەتی پێشتر

‎بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێك لە دەریاچەی دەربەندیخان گەنجێك گیانی لەدەستدا

بابەتی دواتر

ئایا كورسییەكەی پاپا فرانسیس دزرا؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دۆلار بەرزبووەوە

نرخی دراوە بیانییەكان بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 1ی شوبات، لە بازاڕەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نرخی…
Total
0
Share