وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشكرایكردووە، ملیۆنان ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەمزوانە دەگەنە عێراق.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئازار ڕایگەیاندووە، “لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ملیۆنان ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەگەنە عێراق، ئێستا لە سەرخستن و گواستنەوەدان”.
وتەبێژەكەی تەندروستیی عێراق ئاشكرایكردووە، بەهۆی پابەندنەبوونی هاوڵاتییان بە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزییەوە ڕەنگە كەرەنتینی درێژخایەنی سەرتاسەری لە عێراق ڕابگەیەندرێت.
بەرەبەیانیی ڕۆژی 2ی ئەم مانگە، یەكەم كاروانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا گەیشتە عێراق كە 50 هەزار ڤاكسین بوو.
لەو ڕێژەیەش 5 هەزار ڤاكسین درا بە هەرێمی كوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دەست بە كوتانی ئەو كەسانە كرا كە دەیانی گرتەوە.