لەسەر دواكەوتنی یاسای بودجە 100 پەرلەمانتار هەڕەشەی بایكۆت دەكەن

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

زیاتر لە 100 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڕەشەی بایكۆتكردنی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنەكە دەكەن ئەگەر وادەیەك بۆ پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 دانەنرێت.

بەشێك لە میدیا عێراقییەكان ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئازار لەسەر زاری سەرچاوە پەرلەمانییەكانەوە بڵاویانكردەوە، پەرلەمانتاران داوایەك ڕادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن كە واژووی زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری تیایە و هەڕەشەی بایكۆتكردنی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەن دەكەن ئەگەر سەرۆكایەتی پەرلەمان وادەیەك بۆ پەسەندكردنی یاسای بودجە دیارینەكات.

داواكارییەكە لەلایەن یوسف كلابی، ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانەوە ئامادەكراوە و تادێت ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی واژووی خۆیان لەسەر كردووە ڕوو لە زیادبوونە.

زیاتر لە مانگێكە سەرچاوە پەرلەمانییەكان باس لە نزیكی یەكلابوونەوەی تەواوی بڕگەكانی پرۆژەیاسای بودجە دەكەن، بەبێ ئەوەی تائێستا هیچ ئەنجامێكی دەركەوتبێت.

بەپێی سەرچاوە پەرلەمانییەكان بڕگەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم و پابەندییەكانی یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكان و پێشتر پەرلەمانتاران و بەرپرسانی كورد دوپاتیانكردەوە كە چاوەڕوانی دوا بڕیار و پێشنیاری لایەنە شیعییەكان دەكەن لەو بارەیەوە.

بەپێی دوایین ئەگەرەكان چاوەڕوان دەكرێت پرۆژەیاسای بودجە بخرێتە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتووی پەرلەمانەوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی دڵنیایی لەو بارەیەوە نەدراوە.

بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی بۆ كازمی: ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ ڕێككەوتن

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: ملیۆنان ڤاكسین دەگەنە عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
Total
15
Share