پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی دروستبوونی كێشە لەنێوان كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی و شۆفێرانی مەرزی باشماخ عەلوەی سلێمانی داخرا، بە نێوەندگیریی پارێزگاری سلێمانی كێشەكانیان چارەسەر كران، بەڵام بەشێك لە كاسبكاران و شۆفێران بەو چارەسەرە ڕازی نین.
شۆفێرانی بارهەڵگرەكانی مەرزی باشماخ، بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستایان وت، ئەوان بە چارەسەری كێشەكان ڕازین و داوایان كرد هەمووان پابەند بن بەو ڕێككەوتنەی كراوە.
یەكێك لەو شۆفێرانە وتی، “سوپاسی خودا دەكەین كە بەبێ كێشە كۆتایی بەو گرفتە هات، هەموو شۆفێرەكان دڵخۆشین بەم چارەسەرە و حەزمان بە كێشە نییە، هیودارین هەمووان پابەندی ئەو مەرجانە بن دانراون وەك چارەسەر”.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لای تۆڕی میدیایی ئێستان، ئەو بارهەڵگرانەی پێداویستییەكان لە مەرزی باشماخەوە دەگوازنەوە بۆ عەلوەی سلێمانی ژمارەیان 600 بارهەڵگرە، لەپاڵ ئەمانەشدا 89 بارهەڵگی دیكە هەن كە خاوەنی مۆڵەتن و سەربە خودی عەلوەی سلێمانین.
یەكێك لە شۆفێرەكان باسی لەوەكرد، “لە بڕیارە نوێیەكەدا كاركردن وەك خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆڵەتیان نییە بۆیان نییە چیتر لەو هێڵە كار بكەن”.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتوون، لە كۆبوونەوەیەكدا كە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی لەنێوان هەردوو لایەنی كێشەكەدا بەڕێوەچوو، چارەسەری گرفتەكان كراوە.
بڕیاریشە ناوەڕۆكی ئەو كۆنوسەی عەلوەی سلێمانی و شۆفێرانی بارهەڵگری باشماخ لەسەری ڕێككەوتوون پاش كەمێكی دیكە بڵاو بكرێتەوە.
لای خۆشیەوە، سەروەر عەلی، سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لایەنی حكومەت چارەسەری بۆ كێشەكان داناوە، ئێمەش پابەند دەبین پێوەی”.
سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سلێمانی نەیشاردەوە، “لە هەردوو لامان دیوی عەلوەی سلێمانی و شۆفێرانی باشماخیش تیایانە كە بەو چارەسەر ناڕازین، بەڵام حكومەت تا 20ی ئازار مۆڵەتی داوین ئەو كەسانەشی ناڕازین ڕازی بكرێن بە چارەسەرەكان”.