بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێكی سەرۆكایەتیی كۆمار كە وێنەیەكی دەست “ئێستا” كەوتووە، د. بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەكەم لە مێرگەپان پێشوازیکردووە لە دادوەر- فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و شاندێکی هاوکاری، بە ئامادەبوونی دادوەر- پەنگین قاسم، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەن و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی.
ڕاگەیاندراوەكە ئاشكرایكردووە، “لەو کۆبوونەوە فراوانەدا جەختکرایەوە لە پێویستییی سەربەخۆیی دادوەری لە چەسپاندنی بنەماکانی داد و جێبەجێکردنی یاسا و پتەوکردنی سەروەریی دەوڵەت و گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان دەزگاکانی دادوەریی فیدراڵی و دەزگاکانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور، تاوەکو دەرچەیەک بکاتەوە بە ڕووی یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواکارییەەكانی پەیوەست بە لایەنی یاسایی و یاسادانان لە وڵاتدا، بە جۆرێک ڕەنگدانەوەی چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا بێت.”
وەك ڕاگەیاندراوەكە باسیكردووە، “لە کۆبوونەوەكەدا، گرنگیی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و پێویستیی فەراهەمکردنی تەواوی پێویستییە یاسایی و تەکنیکییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، کە زامنی پاکی و بێگەردی بکات، ھاوکات ڕێگری بکات لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، لە ھەمانکاتدا نوێنەرایەتیی راستەقینەی فراوانیش بۆ دەنگدەران بهێنێتە دی، هەروەها پێویستیی ھێشتنەوەی چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەت و ڕێگرییش بکرێت لەو کارانەی کە لە دەرەوەی یاسان.”
ڕاگەیاندراوی سەرۆكایەتیی كۆمار ئەوەی خستووەتەڕوو، “لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگیی یەکلایکردنەوەی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی و هەماهەنگیی نێوان دەزگای دادوەریی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، جەختیشکرایەوە لە رۆڵی گرنگی دادگا لە زۆربەی بابەتە یاسایی و ئیدارییەکان لە وڵات و کارکردن لەسەر یەکلاییکردنەوەیان بە گوێرەی دەستوور.”
لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتیی كۆماردا هاتووە، “لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەوەی لە پێگەی خۆیەوە بەردەوام پشتیوانی و پاڵپشتیی تەواوی هەوڵەکانی دەزگای دادوەریی فیدڕاڵی و دەزگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەبێت، هەروەها پشتیوانی ئامادەکردنی یاسا و رێساکان دەبێت کە دەبێتە مایەی یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و خاڵە ناکۆکەکان و جێبەجێکردنی دادوەری و زامنکردنی مافەکان کە دەبێتە مایەی پتەوکردنی سەروەریی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ گشت هاوڵاتییان.”