بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەخێرهاتنی پاپای ڤاتیکان دەکەن بۆ شاری هەولێر و لەژێر ڕۆشنای فەرمودەکانی پەیامبەری ئیسلامدا دەبێت ڕێز لە هاتنی ئەو کەسایەتییە مەسیحییە بگرن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوبەرایەتی ئەوقافی هەولێر دەڵێت، ” پڕ بەدڵ بەخێرهاتنی پاپای ڤاتیکان دەکەین بۆ شاری هەولێری برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان، ئاينی پيرۆزی ئيسلام و فەرمايشتەکانی پێغەمبەرمان حەزرەتی محمد (د.خ) فێری کردووين هەڵسوکەوت و داب و نەریتمان جوان و بەڕێز بێت لەگەڵ غەيری موسڵمانان و بەهەموو شێوازێک يەکتر پەسند بکەين لەسەر بنەمای مرۆڤايەتی و برايەتی و تەبایی و پێکەوەژیانی پێکهاتە نەتەوەیی وئایینیەکاندا، بە شێوازێکی جوان و زۆر بەڕێزەوە پێشوازيان لێ بکەين ، هەروەک پێغەمبەرمان (د.خ) لە شاری مەدينە بە ڕێزەوە پێشوازی لە شاندی کريستيانەکانی حەبەشە و نەجران کرد”.
ئەوقافی هەولێر ئاماژە بەوەشدەکات، “هاتنی پاپای ڤاتيکان بۆ هەرێمی کوردستان گرنگی خۆی هەيە و ئەم ڕاستيە بۆ هەموو جيهان دەردەخات کە کوردستان نموونەی جوانی ئاشتی و برایەتی و تەبایی و پێکەوە ژيان و يەکترپەسندکردنی پێکهاتە ئاين و ئاينزاکانە”.
بڕیارە سبەی یەکشەممە ٧ی ئازار، پاپا فرانسیس سەردانی هەولێر بکات لە هەرێمی کوردستان.