كاری لیژنەكانی دیداری یەكێتی كۆتاییهات

لیژنەكانی دیداری یەكێتی كارەكانیان تەواوكرد و سبەی ڕێوڕەسمی كۆتایی سازدەكرێت.

لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەکانی دیداری یەکێتی بە سەرکەوتوویی کارەکانی خۆیان تەواوکرد.

لیژنەكە وێڕای دەستخۆشی لە سەرجەم بەشداربووانی سەرجەم لیژنەکان، کۆتایی ئەرکی لیژنەکانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، كاتژمێر 4ی ئێوارەی سبەی لە تەلاری ھونەر ڕێوڕەسمی کۆتایی دیدار سازدەکرێت.

ڕۆژی شەممە 28ی ئایار “دیداری یەكێتی” بە بەشداریی زیاتر لە 12 هەزار ئەندام و كادیری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی لەژێر ناونیشانی “نوێبوونەوە و چاكسازی” دەستپێكرد.

دیداری یەكێتی بەسەر 14 لیژنە لە سەرجەم بوارەكاندا دابەشكرابوو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 130 كۆبوونەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق كراون و نزیكەی هەزار و 500 ڕاپۆرت، سەرنج، پێشنیاز و ڕەخنە پێشكەشی لیژنەكانی دیدار كران.

ئامانجی دیداری یەكێتی چییە؟
دیدارەكە، كە دروشمی “نوێبوونەوە و چاکسازی”یە ئامانجێتی پێداچوونەوە بە تێڕوانین، سیاسەت، چاكسازی و ستراتیژی حزبەكە و نوێبوونەوەی-دا بكات.

بڕیاریشە كۆی سەرنج و پێشنیازەكان بۆ تەواوكردنی ڕاپۆرتەكان كۆبكرێنەوە و پێشكەشی سەركردایەتیی یەكێتی بكرێن تا ببنە ڕاسپاردە.

هەر لە بارەی ئامانجی دیدارەكە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ”ئەگەر باشترین و ڕێکوپێکترین و بێ کەموکوڕیترین کۆنگرەشمان بکردایە من پێموایە پێویستمان بەم دیدارە دەبوو”.

وتیشی، ئەم دیدارە دەبێتە تەواوکەری کۆنگرەی یەکێتی، لەبەرئەوەی چەند ساڵێکی زۆربوو کۆنگرەی یەکێتی نەبەسترابوو، بۆیە بیرکردنەوەیەکی ناواقعی بوو ئەگەر چاوەڕێمان بکردایە بە یەک کۆنگرە سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگی دیداری یەکێتی کردەوە و ئاشکرایکرد، “زۆر دەمێکە ئێمە بەیەکەوە دانەنیشتووین کە پرسیاری قورس لەخۆمان بکەین بۆچی دۆخی هەرێمی کوردستان وایە؟ بۆچی عێراق و پارجەکانی دیکەی کوردستان دۆخیان بەمجۆرەیە؟، بۆیە ئەم دیدارە گرنگە و دەبوو ئەو پرسیارانە لەخۆمان بکەین”.

بابەتی پێشتر

ڕاستیی ئەو بەردەی گەرمیان ئاشكرابوو كە هەوڵی بەتاڵانبردنی دەدرا

بابەتی دواتر

ئەردۆغان هەڕەشەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات بە کردار؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share