مەرجێكی سیستانی بۆ دیداری پاپا ئاشكرادەبێت

پاپای ڤاتیكان لە بەردەم ماڵی سیستانی لە نەجەف

پاپای ڤاتیكان چاوی بە مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق كەوت و بەر لە دیدارەكەش سیستانی مەرجێكی هەبووە.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 6ی ئازار پاپای فرانسیس، پاپای ڤاتیكان گەیشتە نەجەف و دیدارێكی لەگەڵ عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراق ئەنجامدا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەك لە نوسینگەی سەرۆككۆماری عێراقەوە بڵاویكردەوە، سیستانی (90 ساڵ) پێشتر ڕەزامەندی لەسەر دیداری پاپا نیشانداوە بەو مەرجەی هیچ بەرپرسێكی عێراقی لەگەڵیدا نەبێت.

هەر بەپێی ئاژانسەكە پێشتر سیستانی هەر جۆرە گفتوگۆیەكی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئێستا و پێشووی عێراق ڕەتكردوەتەوە.

دوێنێ هەینی پاپا فرانسیس بەسەردانێک گەیشتە بەغدادی پایتەختی عێراق و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و لە یەکەم وێستگەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و لە کۆشکی سەلامی سەرۆکایەتیی کۆماریش وتارێکی پێشکەشکرد، بڕیاریشە سبەینێ یەکشەممە 7ی ئازار سەردانی هەولێر بکات.

چۆن گیانی پاپا لە عێراق دەپارێزرێت؟

دوێنێ پاپا لە کڵێسای “سەیدە نەجات” لە بەغداد ڕوو لە گەلانی عێراق وتی، “سوپاسی خودا دەكەم بۆ ئەوەی كە توانیم ئێوە ببینم و چاوم پێتان بكەوێت. ئێوە ساڵانێكە ڕوبەڕووی جەنگ و چەوساندنەوە دەبنەوە.”

وتیشی، “ڕاستە كارەكانی ئێمە كارگێڕین، بەڵام ناكرێت زۆربەی كاتەكان لە ئۆفیسدا بین و لەپشتی مێزەوە دابنیشین، بەڵكو دەبێت بچینە ناو خەڵك و گوێ لە خواستەكانیان بگرین.”

داواشی لە كریستیانەكان و خەڵك كرد دوورنەكەونەوە لە گەل و خەڵك و كەسوكارەكانیان و هەمیشە گەلی خودا بن و وتی، “قەشەكان سوپاستان دەكەم كە لە خەڵكەوە نزیكن و بەو شێوەیە ماونەتەوە.”

لە درێژەی وتارەكەیدا پاپای ڤاتیكان داوای دووركەوتنەوەی لە توندوتیژی كرد و جەختیكردەوە كە توندوتیژی و خوێنڕێژی لەگەڵ بنەماكانی ئاییندا یەكناگرنەوە و وتی، “سبەی لە ئور چاوم بە خەڵك دەكەوێت و پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی خودا دەگەیەنین بە هەمووان. هیوادارم پەیڕەوكارانی ئایینەكانی تریش سەرفرازبن.”

ڕاشیگەیاند، “من زۆر بیر لە گەنجان دەكەمەوە و ئەوان سامانێكی نەبڕاوەی داهاتوون و دەبێت پەرە بە تواناكانیان بدرێت و كار بۆ بەدیهێنانی خەونەكانیان بدرێت و یارمەتی بدرێن. بەساڵاچووانیش مایەی خێرن و دەبێت مافی هاوڵاتییان دەستەبەر بكرێن”.

 

بابەتی پێشتر

نرخی دراوە بیانییەکان

بابەتی دواتر

كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی شارەكانی هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share