پاپا: پێویستە جیاوازییەکان بکەین بە سەرچاوەی تێگەیشتن لە یەکتری و گەشەپێدانی کۆمەڵگە

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 5ی ئازار، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی عێراق لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمارەوە پێشوازی لێكرا و دواتر پاپا لەگەڵ سەرۆككۆمار و سەرۆکوەزیران و كاربەدەستانی تر و کەسایەتییەکاندا كۆبووەوە.

لە دیدارەكەدا پاپای ڤاتیکان وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە گرنگیی یەکبوون و پشتگوێخستنی جیاوازییەکان کرد و ڕایگەیاند، “فرەئایینی و فرە کولتووری و فرەڕەگەزی لە عێراق سەرچاوەیەکی بەهادارن و دەبێت بیپارێزین.”

پاپا فرانسیس پاپا لەدرێژەی وتارەکەیدا جەختیكردەوە لەسەر پاراستنی برایەتی و یەکڕیزیی گەلانی عێراق و لەو بارەیەوە وتی، “پێویستە جیاوازییەکان بکەین بە سەرچاوەی تێگەیشتن لە یەکتری و گەشەپێدانی کۆمەڵگە. ئێمە چەندین جار نوێژمان بۆ عێراق کردووە، ئەم وڵاتە گرنگی و بایەخی زۆری کولتووری و ئایینی هەیە و ئەمڕۆش من وەک نوێژخوێنێک هاتووم بۆ عێراق.”

پاپای ڤاتیکان جەختیكردەوە كە “پێویستە گوێ لە هاوڵاتییان بگیرێت و جیاوازییەکانی یەکتری قبوڵبکەین، پێویستە بەرژەوەندییە تایبەتەکان بخەینە لاوە، بەسە توندوتیژی و یەکتر کوشتن”.

وتیشی، “دڵخۆشم بەوەی عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کاری باشی ئەنجامداوە بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێویستە هەمو لایەک هاوکاربن لەپێناو هەنگاوی گەورەتر بەو ئاقارەدا.”

پاپای ڤاتیكان سوپاسگوزاریی خۆی نیشاندا بۆ هەر وڵات و لایەنێك یارمەتی عێراق بدات و ڕایگەیاند، “سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەم کە وەبەرهێنان لە عێراق-دا دەکەن، هاوکاریی ئاوارە و خەڵکی عێراق دەکەن و هەوڵی گەڕاندنەوەیان دەدەن بۆ ناو ماڵەکانیان. لە ڕاستیدا چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش رێکخراوی کاسۆلیکی هاوکاربوون لە یارمەتیدانی گەلانی عێراق و داوایان لێدەكەم دەستی هاوکارییان بۆ عێراق نەکشێننەوە.”

لە کۆتایی وتارەكەیدا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی عێراق، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان وتی، “نابێت ئایین و خوداپەرستی بۆ مەبەستی تایبەتی و سیاسی بەکاربهێنرێت” و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە كڵێسا کاسۆلیکییەكان لە عێراق و ناوچەکە هەمیشە دەستی هاوکاری و میانڕەوی و خزمەتکردنیان درێژكردووە.

لای خۆیەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، “عێراقییەکان شانازی بەوەوە دەکەن کە بۆ ماوەی چەندین سەدە لە شارە فرە رەنگەکانیاندا ژیاون، بۆیە دەبینین مسوڵمان و سابیئە و جولەکە بۆ چەندین سەدە پێکەوە ژیاون و برایانە لە یەک شار و یەک گەڕەکدا دەژین، هەروەها کڵێساکان دراوسێی مزگەوت و حوسێنییەکانن، دەنگی زەنگلێدان و بانگدان لە ئاسمانی عێراقدا یەکدەگرنەوە”.

سەرۆککۆماری عێراق جەختیكردەوە لەوەی “عێراقییەکان شانازی بەوەوە دەکەن کە پارێزەری کڵێساکانن، چونکە دوای دەستدرێژییەکەی تیرۆرستان بۆ سەر کڵێسای “سەیدە نەجات” گەنجانی مسوڵمان هاوتای برایانیان لە گەنجانی كریستیان دەیانزانی کە ئەركی نیشتمانی و مرۆیی وادەخوازێت بەرگری بکەن وەک ئەوەی چۆن بەرگری لە ماڵ و شوێنەکانی خۆیان دەکەن.”

دوای كۆبوونەوەكەی كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆمار، پاپا فرانسیس سەردانی کڵێسای “سەیدە نەجات”ی لە بەغداد كرد و تا ئێستا ڕێوڕەسمەكە لەوێ بەردەوامە.

نوێدەكرێتەوە…

بابەتی پێشتر

سێ کورد لەگەڵ بەرهەم ساڵح پاپا دەبینن

بابەتی دواتر

پاپای ڤاتیكان: دەبێت بچینە ناو خەڵك و گوێ لە خواستەكانیان بگرین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share