فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ڤیدیۆی سزادراوانی بادینانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئەوەی لە ڤیدیۆکاندا وتراوە لەگەڵ وتەکانی کاتی دادگایکردن جیاوازە.
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر ئەو پرسە دەڵێت، ” چوار ئەندام لە نوێنەرانمان ئامادەی پڕۆسەی دادگاییکردنی کەیسی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان بوون ئەوەی لە دادگا گوێبیستی بوین و ئەوەی لە ڤیدیۆکاندا هەیە دژ بەیەکن”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی گۆڕاندا هاتووە، ” لەگەڵ ئەوەی مافی ئەوەمان نیە دەست وەربدەینە کاروباری دادگاکان، ھەمیشە داوا دەکەین دادگاکان سەربەخۆ بن ، بەڵام ئەوەی لە دانیشتنەکانی دادگا گوێبیست بووین بە بەراورد بە دانپێدانانەکان کە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە،جیاوازی و دژیەکی زۆر دەبینین، بۆیە داوادەکەین لە کاتی پێداچونەوە دا دادگا ڕەچاوی پڕەنسیپی دادپەروەری بکات بەشێوەیەکی بێلایەنانە و دور لە گوشاری سیاسیەکان بەکەیسەکەدا بچێتەوە، بڕیاری پێویستی لەبارەوە لێ بدرێت و “ئازاد بکرێن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئازار، ڤیدیۆی “دانپێدانانی بەندکراوانی بادینان بڵاوکرایەوە” دواتر بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش ڕایانگەیاند کە ئەو ڤیدیۆیە بەبێ ئاگایی ئەوان بڵاوکراوەتەوە.