سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵ بۆ ڕێگری لە كارەكانی حكومەت هەیە و دەشڵێت، یەدەگی دراو بە بڕی 4 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار لەمیانەی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا وتی، زیادبوون لە یەدەگی دراودا ڕوویداوە و بە بڕی چوار ملیار دۆلار زیادیكردووە، ئەمەش پاش تۆمەتباركردنی حكومەتی ئێستا بە سەرچاوەی ئیفلاسپێكردنی یەدەگی دراو.
وتیشی، “گەندەڵی لە مەزادی دراودا كۆتایی پێهێنراوە و بووە بە بەشێك لە ڕابردوو”.
كازمی ئەوەشی وت، وڵات بە ئاستەنگی جۆراوجۆردا تێدەپەڕێت و هەوڵ هەیە بۆ ڕێگری لە كارەكانی حكومەت، بەڵام توانیمان ڕێگری لە هەرەسهێنانی وڵات لەڕووی ئابوری و داراییەوە بكەین و هەنگاومان لەسەر هێڵی چاكسازیی گرنگ گرتەبەر كە خۆی لە وەرەقەی سپی-دا دەبینێتەوە كە بووە هۆی بەردەوامی پێدانی موچە بەشێوەیەكی ڕێكخراو، لەكاتێكدا هەبوون گرەویان لەسەر هەرەسهێنانی دۆخەكە دەكرد.
سەرۆكوەزیران ئاشكراشیكرد، ڕێنمایی دەركردووە بۆ كڕینی ڤاكسین ڕاستەوخۆ لە وڵات و كۆمپانیا دروستكەرەكانی و، ڕێگری لە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا نێوەندگیرەكاندا.
داواشی لە وەزیرانی حكومەتەكەی كرد شەو و ڕۆژ كاربكەن بۆ وەلانانی سەرجەم ڕێگرییەكان و خۆیان ڕادەستی ئالنگارییەكان نەكەن.