موچەی كابانی ماڵ و مافی ژنان لە بودجەی هەرێمدا چی لێدێت؟

حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی بودجەی گشتیی هەرێمە، لیژنەی داكۆكی كردن لە مافی ژنان لە پەرلەمان لە هەوڵدایە لەو بودجەیەدا مافی ژنان بپارێزێت.

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم سەرقاڵی داڕشتنەوەی بەرنامەیەكە بۆ ڕوپێویكردنی ژمارەی ئەو ژنانەی “لە هاوژینەكانیان جیابوونەتەوە” بۆ ئەوەی موچەی ئەو توێژە پاش حەوت ساڵ دەست بە دابەشكردنەوەی بكرێتەوە.

پەرلەمان و بودجەی جێندەری

ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی شوبات سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی هارتلاندی ئه‌لایه‌نسی نێوده‌وڵه‌تی، وۆركشۆپێكی یەكڕۆژه‌ی له‌ژێر ناونیشانی “دانانی بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆرى كۆمه‌ڵایه‌تی/ جێنده‌ر”، سازكرد.

لیژنەی داكۆكی لە مافی ژنان لە پەرلەمانی كوردستان، ئامادەی ئەو وۆركشۆپەبوون، لەوبارەیەوە شادی نەوزاد، جێگری سەرۆكی لیژنەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەنێو پرۆژەی بودجەدا پێویستە گرنگی بە باڵانسی جێندەری بدرێت، حكومەت كە ئەو پرۆژەیاسایە دەنێرێت ڕەنگە خۆی گرنگی بەو پرسە بدات، بەڵام كە دێتە پەرلەمان ئەركی پەرلەمانتارانە كار بكەن بۆ ئەوەی لە بودجەكەدا باڵانس جێندەری هەبێت”.

ڕێژەی بێكاری لەنێو ژناندا بەرزترە لە پیاوان

شادی نەوزاد ئەوەشی خستەڕوو، “كار بۆ ئەوە دەكەین لە داهاتوودا لە هەر وەزارەتێك ڕێژەیەك دامەزراندن هەبوو، بتوانین جێی خاڵێك بكەینەوە كە هەلەكان بە یەكسانی لەنێوان هەردوو ڕەگەزەكەدا هەبن، هەروەها ئامانجمان ئەوەیە بۆ كاركردن دەبێت هەلی یەكسان دابین بكرێت بۆ هەردوو ڕەگەز”.

“ئامانجێكی دیكەمان ئەوەیە، بتوانین سیستمی كۆتا بگوازینەوە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش”، وەك شادی نەوزاد خستییەڕوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، “كێشەیەكی دیكە لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە، ڕێژەی بێكاری لەنێو ژناندا بەرزترە لە پیاوان، لایەنی ئابوریی ژنان بابەتێكی گرنگە لای ئێمە”.

سەبارەت بە موچەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی تایبەت بە موچەی ئەو ژنانەی لە هاوژینەكەیان جیابوونەتەوە، جێگری سەرۆكی لیژنەی داكۆكی لە مافی ژنان وتی، “كەی پرۆژەیاسای بودجە هاتە پەرلەمان قسە لەسەر ئەوەش دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین چارەنووسی ئەو موچانە چیان لێدێت كە لە ساڵی 2014دەوە نەبەستراون”.

وەزارەتی كار و موچەی كابانی ماڵ

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “سەبارەت بە موچەی ئەو ژنانەی هاوژینیان نییە كە دەچێتە پاراستنی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە، پێشتر 82 هەزار موچەخۆر بوون، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە موچەی ئەو توێژە ڕاگیراوە”.

وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو، “لەڕاستیدا موچەی ئەو توێژە ناعەدالەتی زۆری تێدابوو، بۆیە ئێستا لەگەڵ ڕێكخراوێك یان چەند ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی لە هەوڵداین ڕوپێوییەك بكەین بۆ ئەوەی ژمارەی ئەو ژنانە دەستنیشان بكەین كە هاوژینیان نییە و هەوڵی بەستنی موچەیان بۆ بدەین”.

سەبارەت بە موچەی كابانی ماڵ، ئاریان ئەحمەد ئەوەی ئاشكراكرد، “خودی ئەو پرسە، بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕانە و ئەگەر بخرێتەڕوو وەك وەزیر و پەرلەمانتارەكانی گۆڕان داكۆكی لێدەكەن، بەڵام بەهۆی ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی تێدایە، ئەو بابەتە قورسە كاری لەسەر بكرێت”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئینتەرمیلان لە سەرکەوتنەکانی بەردەوامە و جیاوازیەکەی کردە حەوت خاڵ

بابەتی دواتر

ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی كاندید دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share