ئەحمەد داود ئۆغلو، دژایەتیی خۆی بۆ هەوڵەكانی حكومەتی توركیا بۆ قەدەغەكردنی هەدەپە ڕاگەیاند.
بەگوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنامەی زەمانی توركی، ئەحمەد داود ئۆغلو، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا دژایەتیی خۆی بۆ هەوڵەكانی قەدەغەكردنی پارتی دیموكراتی گەلان “هەدەپە” لەلایەن حكومەتی توركیاوە ڕاگەیاندووە.
ئەحمەد داود ئۆغلو ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو دژی قەدەغەكردنی هەر حزبێكی سیاسییە لە توركیا و لەنێویشیاندا هەدەپە، ئەوەشی وتووە، “هەر كەسێك یان ئەندامێكی حزبێك تاوانێكی ئەنجامداوە یان پەیوەندی بە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە هەبێت، پێویستە خودی ئەو كەسە سزا بدرێت”.
هەدەپە بە حزبێكی كوردی هەژمار دەكرێت و ماوەیەكە دژایەتیكردنی لەلایەن حكومەتی توركیاوە چڕبووەتەوە، تەنانەت ئەو سەرۆكی شارەوانییانەی سەربەو حزبە بوون لەسەر كار لابران و ئەندامی حزبەكەی ئەردۆغانیان لەجێ داندران.