ڕەمەزان كەمتر لە مانگ و نیوێكی ماوە، تا ئێستا وەزارەتی ئەوقاف و كاروبای ئایینیی هەرێم بڕیارە لەبارەی كردنەوە یان نەكردنەوەی مزگەوتەكانی نەداوە بۆ ئەركە ئایینییەكان.
بەگوێرەی ئەو لێكدانەوە فەلەكییانەی بەشێك لە فەلەكناسانی وڵاتانی عەرەبی كردوویانە، پێشبینییەكان لەبارەی دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان دابەشبوون بەسەر دوو بۆچووندا، هەندێك پێشبینی دەكەن ڕۆژی 12ی نیسانی ئەمساڵ یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان بێت و هەندێكیش پێشبینییان كردووە، 13ی نیسان بێت.
سەبارەت بە ئەنجامدانی تەراویح لە مزگەوتەكان، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە ڕاستیدا بۆ بابەتی كردنەوەی مزگەوتەكان یان نەكردنەوەیان بۆ ئەنجامدانی نوێژی تەراویح، گوێ لە بۆچوونی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا دەگرین”.
وتەبێژی ئەوقاف ئەوەشی خستەڕوو، “جارێ زۆری ماوە بۆ ڕەمەزان، ئەو بابەتەشمان تاووتوێ نەكردووە، بەڵام لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا چ ڕێنماییەكمان بكات بۆ ئەنجامدانی ئەركە ئایینییەكان ئێمە پابەند دەبین”.
ساڵانە چەند ڕۆژێك بەر لە ڕەمەزان، بۆ دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی ئەو مانگە، لیژنەی بینینی مانگی سەر بە ئەوقاف لە پارێزگاكاندا چاودێریی مانگ دەكات.