ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران ئاشكرایكردووە، ئەمریكا لەڕێی داخستنی باڵیۆزخانەكەیەوە لە بەغداد “پیلانگێڕی”یەكی نوێی بەدەستەوەیە.
عەلی ڕەزا، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران سێشەممە 6ی تشرینی یەكەم ڕاگەیاندووە، “ئەمریكا كە بڕیاری داوە باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد دابخات، لە هەوڵی پیلانگێڕییەكی نوێیە بە مەبەستی دروستكردنی ئاڵۆزی لە عێراق”.
ئەو بەپرسە ئێرانییە ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەمریكییەكان دەیانەوێت پەیكەری حكومەتی عێراق بگۆڕن، ئەوەش بە هەماهەنگی هاوبەشە ئەوروپییەكانیان.
عەلی ڕەزا ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “ئەمریكا بەهیچ جۆرێك نایەوێت عێراق بەجێبهێڵێت لە ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەكەشی، بەڵكو ئامانجیانە بیگوزانەوە بۆ هەولێر بۆ ئەوەی كێشەی ئەمنی دروستبكەن”.
ئەمریكا بەبیانووی بەردەوامی بە ئامانجكردنی باڵیۆزخانەكەی لە ناوچەی سەوزی بەغداد و نێردە دیپلۆماتكارەكانی لە عێراق، لەڕێی وەزری دەرەوەی وڵاتەكەیەوە هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد كردووە.