وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشكرایكرد، هێرشەکەی ئەمڕۆی سوریا بە فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریكا ئەنجامدراوە، حزبوڵاش دەڵێت، “ئەمریکا بەردەوامە لە تاوانەکانی.”
ئەمڕۆ هەینی 26ی شوبات، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا چەند پێگەیەکی گرووپە چەكدارە شیعەكانی نزیک لە ئێرانی لە سووریا پێكا.
هێرشەكە كاردانەوەی حزبوڵای عێراق، سوریا و ڕوسیای لێكەوتەوە، لەو بارەیەوە حزبوڵای عێراق ئەمریكای بە دوژمن ناوبرد و ڕایگەیاند، “ئەمریکا بەردەوامە لە تاوانەکانی و پارێزەران و شكۆمەندانی وڵات دەکوژێت”.
ئەو میلیشیا عێراقییە لە ڕاگەیەندراوێكدا وتیشی، “ئەمریکا پاشەکشێ ناکات لە ڕشتنی خوێنی بێتاوانەکان، چونکە سعودیە و ئیمارات کرێی ئەو کوشتنەی پێدەدەن.”
هاوكات هەریەكە لە سوریا و ڕوسیا، كاردانەوەیان بەرانبەر بە هێرشەكەی ئەمریكا دەربڕی و بە پێشێلكردنی سەروەریی سوریا ناوزەدیان كرد.
ئەمشەو 26ی شوبات، ئەمریكا زانیاری لەبارەی هێرشەكەوە ئاشكراكرد و جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، “ئەو هێرشەی ئەمڕۆ لە سوریا ئەنجامدرا، بە فەرمانی سەرۆك جۆ بایدن جێبەجێكرا.”
وتیشی، “هێرشەكە وەڵامێک بوو بۆ ئەو هێرشانەی کرانە سەر هێزەکانی ئەمریكا لە عێراق و ئەو هێزانەی لە هێرشەکەدا کرانەئامانج، پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێراندا هەیە.”
هاوكات جین ساكی، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، “هێرشەكەی ئەمریكا پەیامێك بوو ناوەڕۆكەكەی دەڵێت، سەرۆك بایدن بەرگری لە ئەمریكییەكان دەكات.”