ڕوسیا “كۆمەڵكوژی”ی لە ئۆكرانیا ئەنجامداوە!‏

كۆمپانیای “ماكسار تەكنەلۆجیس”ی ئەمریكی چەند وێنەیەكی مانگە دەستكردەكانی بڵاوكردەوە، بەپێی وێنەكان و گیڕانەوەی كۆمپانیاكە بێت، “كۆمەڵكوژی”ی ڕوسیا لە شارۆچكەی بوچا-ی ئۆكرانیا نیشاندەدات، بەڵام ڕوسیا چیرۆكەكە ڕەتدەكاتەوە و بە هەڵبەستراوی دەزانێت.

دوێنێ یەكشەممە كۆمپانیا ئەمریكییەكە وێنەكانی بڵاوكردەوە، كە مانگە دەستكردەكان لە ڕۆژی 31ی مانگی ڕابردوو گرتوویانن و تایبەتن بە شارۆچكەی بوچا، تیایاندا وێنەی چاڵێكی گەورە دەردەكەوێت كە درێژییەكەی نزیكەی 45 پێیە و لە كڵێسایەكدا هەڵكەندراوە.

بەپێی ئەوەی لە وێنەكاندا دەردەكەوێت و هەروەها گێڕانەوەی وڵاتانی ئەوروپی و خۆرئاوایی، ئەو چاڵەی وێنەكان دەریانخستووە “گۆڕی بەكۆمەڵ”ــە.

ئەوەی هێزی زیاتر بە چیرۆكەكە دەدات، ژمارەیەك وێنەی دیكەن كە لە 10ی مانگی ڕابردوودا گیراون و تیایاندا هەڵكەندنی چاڵە گەورەكە لە زەویی كڵێساكەدا دەردەكەوێت.

یەكێك لە وێنەكانی مانگە دەستكردەكان

وەزارەتی بەرگریی ئۆكرانیاش وێنەكانی بڵاوكردەوە، لەگەڵ چەند وێنەیەكی دیكە كە ژمارەیەك تەرمی دیكەی هاوڵاتییانی ئۆكرانی لە شارۆچكەی بوچا نیشاندەدات.

وەزارەتەكە ڕوسیای بە ئەنجامدانی “لەسێدارەدان و كوشتنی بەكۆمەڵ”ی دژی دانیشتووانی شارۆچكەكە تۆمەتبار كرد.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەزاری بەرپرسێكی ئۆكرانییەوە گواستیەوە، لە چاڵە گەورەكەی كڵێساكەی بوچا-دا تەرمی 57 قوربانییان لە “گۆڕێكی بەكۆمەڵ”دا دۆزیوەتەوە.

بوچا دەكەوێتە نزیك كیێڤ-ی پایتەختی ئۆكرانیاوە و لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوسیا لەو ناوچانە كشایەوە.

هەر لەو نێوەندەدا و دوای كشانەوەی هێزەكانی ڕوسیا، سەرۆكی شارەوانیی بوچا ڕایگەیاند، نزیكەی 300 كەس لەلایەن چەكدارانی چیچانییەوە لە شارۆچكەكە كوژراون.

گۆڕە بەكۆمەڵەكە

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەكان و لێدوانی ئۆكرانییەكان، هەر زوو كاردانەوەی وڵاتانی ئەوروپی و خۆرئاوا دەركەوتن و ڕوسیایان بە ئەنجامدانی “كۆمەڵكوژی” تۆمەتبار كرد، دووبارە سزادانی زیاتری ڕوسیا هاتەوە بەرباس و داواكرا بەرپرسیارێتیی ئەو “كۆمەڵكوژی”یەی بخرێتە ئەستۆ.

بەڵام ڕوسیا كۆی پرسەكە ڕەتدەكاتەوە و بە “شانۆگەری” و “گەلەكۆمەكێ” وەسفیدەكات.

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، وێنەكان بە فەرمانی ئەمریكا بڵاوكراونەتەوە و دەچنە خانەی گەلەكۆمەكێوە بۆ تۆمەتباركردنی مۆسكۆ.

زاخارۆڤا دەڵێت، “كێ مامۆستای گێچەڵپێكردنە؟ بێگومان ئەمریكا و ناتۆ”.

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا كاردانەوە و ئیدانەكردنی دەستبەجێی وڵاتانی خۆرئاوای بە ئاماژە دانا بۆ ئەوەی “چیرۆكەكە بەشێكە لە پلانی ناشرینكردنی ناوبانگی ڕوسیا”.

بابەتی پێشتر

دۆلار كەمێك بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

ڕۆژی جیهانیی هۆشیاركردنەوە لە مین.. لە كوردستان زیاتر لە 13 هەزار كەس بوونەتە قوربانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share