ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 26ی شوبات، لە شاری سلێمانی بە چەقۆ هێرشكرایە سەر غالب محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و برینداركرا.
لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، كەسێكی نزیك لەو پەرلەمانتارە هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند، “چەند كەسێك هێرشیانكردە سەر دكتۆر غالب لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی و برینداریانكرد.”
ئەو كەسە لەناو نەخۆشخانەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد و ئاشكرایكرد، “چەقۆكان بەر سەری پەرلەمانتار غالب محەمەد كەوتوون و ئێستا لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی چارەسەری بۆدەكرێت.”
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی شار، زانیاریی زیاتری لەبارەی دۆخی تەندروستیی پەرلەمانتارەكەوە بۆ “ئێستا” ئاشكراكرد و وتی، “د. غالب لە 8 شوێنەوە سەری پێكراوە و برینەكان شوێنەواری چەقۆ و خەنجەر بۆكسن.”
ڕاشیگەیاند، “چارەسەری پێویستی بۆكراوە و ئێستا پشكنینی بۆدەكرێت و باری تەندروستیی جێگیرە، ڕەنگە دوای چەند كاتژمێرێك لە نەخۆشخانە بچێتە دەرەوە و ڕەوانەی ماڵەوە بكرێتەوە.”
دواتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشكردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد هاتەدەنگ و وتی، “هێرشبەران ڕوبەڕووی یاسا دەكەینەوە و ئەم كارە ترسنۆكانە لە هیچ كەسێك قبوڵناكەین.”
لە لێدوانێكیشدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا”، گۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، “دەسەڵات دەستی هەیە لە هێرشكردنە سەر غالب محەمەد، چونكە ئەو لەسەر مافی گشتی هاتووەتەدەنگ و دەسەڵاتیش ئەمەی پێقبوڵ ناكرێت.”
لای خۆیانەوە، سۆران عومەر پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی كۆمەڵ و چەند هاوڕێیەكی غالب محەمەد بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا قسەیانكرد و ڕایانگەیاند، “چارەسەری سەرەتایی بۆ دكتۆر غالب كراوە و ئێستا تەندروستیی جێگیرە و ڕەوانەی ماڵەوە كراوە.”
سۆران عومەر وتیشی، “هەر كەسێك باسی دزی و تاڵانچێتی بكات، ڕوبەڕووی هێرش دەبێتەوە.”
هاوكات سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ “ئێستا” ڕایگەیاند، “وەك فراكسیۆنی یەكێتی سەردانی د. غالب-مان كرد و بەهەموو شێوەیەك دژی ئەو كارەین.”
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، هێرشكردنەسەر پەرلەمانتارەكەی گۆڕان-ی بە “نامەردانە” ناوزەد كرد و وتی، “داواكارین دەزگا ئەمنییەكان بەزووترین كات ئەنجامدەرانی ئەو كارە نامەردانەیە ئاشكرابكەن و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن.”
ئێستا لەكاتی بردنەدەرەوەی غالب محەمەد لە نەخۆشخانە، گفتوگۆی لەگەڵدا كرد و ناوبراو سوپای “تۆڕی میدیایی ئێستا و ڕاگەیاندنەكان و خەڵكی سلێمانی” كرد لە پای بەدەمەوەچوون و رووماڵكردنی ڕوداوەكە.
دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە ماڵەكەی خۆی، د. غالب محەمەد باسی لە ڕوداوەكە كرد و داوای كرد دۆسیەكە بەلاڕێدا نەبرێت و وتی، “ئەگەر سەرم لەپێناویدا دانابێت، بەرگری لە خەڵك دەكەم.”