نەیجیریا.. نزیکەی 300 خوێندکاری کچ لە هێرشێکدا دیار نەماون

لە هێرشێکی چەکداریدا لە ویلایەتی زامبارا لە وڵاتی نەیجیریا نزیکەی 300 خوێندکاری کچ دیار نەماون و چارەنووسیان نادیارە.

یەکێک لە مامۆستایانی خوێندنگەکە بۆ تەلەڤزیۆنی بی بی سی بەریتانی قسەیکردووە و دەڵێت، “بەیانی ئەمڕۆ (26 ی شوبات) چەند چەکدارێک کە جل و بەرگی سەربازیان لەبەردا بووە هێرشیان کردووەتە سەر خوێندنگەکە و نزیکەی 300 خوێندکاری کچیان ڕفاندووە”.

بە وتەی مامۆستاکە چەکدارەکان بە چەند ئۆتۆمبیل و ماتۆڕ سکیلیێکەوە دەستڕێژی گولـلەیان کردووە و پاشان بە فشاری چەک کچەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە”.

ڕفاندنی کچانی خوێندکار لە وڵاتی نەیجیریا مێژوویەکی چەند ساڵەی هەیە و هەفتەی ڕابردووش 27 خوێندکار لە ویلایەتێکی ناوەندی نەیجیریا ڕفێندران و تا ئێستاش ئازاد نەکراون.

دوو مانگ پێش ئێستاش نزیکەی 250 خوێندکاری دیکە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ڕفێندران و دوای دانوستان بە بڕێک پارە ئازادکران.

لە سەرەتای کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکانەوە ساڵی ڕابردوو 800 خوێندکار لەلایەن گروپی چەکداری ئیسلامیی بۆکۆحەرامەوە ڕفێندران و دواتر بۆکۆحەرام وێنەی بەشێک لە کچەکانی لە ویلایەتی کاتسینا بڵاوکردەوە.

لە ساڵی 2014 دا نزیکەی 270 خوێندکاری کچ لەلایەن گروپی جەکداری بۆکۆ حەرامەوە لە خوێندنگەیەکی باکوری ڕۆژهەڵاتی نەیجیریا لە شاری چیبۆک ڕفێندران.

بابەتی پێشتر

لە ڕوداوێکی هاتوچۆدا گەنجێکی 20 ساڵ گیانی لە دەستدا

بابەتی دواتر

ڕوسیا لەبارەی هێرشی ئەمریکا بۆسەر چەکدارانی نزیک لە ئێران هاتە دەنگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share