ئەندامێكی لیژنەی ئابوری ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، دەكرێت ئەو كورتهێنانی لە بودجەی ئەمساڵدا هەیە پڕبكرێتەوە ئەگەر نرخی نەوت زیاتر بەرزببێتەوە.
تا دێت نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات، ئەمەش دەبێتە مایەی بوژاندنەوەی ئابوریی ئەو وڵاتانەی پشت بەو سەرچاوەیە دەبەستن و لەنێویشیاندا عێراق.
نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 23ی شوبات وتی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گەیشتنی بەو نرخەی ئێستا (65 دۆلار) دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كورتهێنانی دارایی لە بودجەی 2021دا بە ڕێژەی نزیكەی 70%، چەندێكیش نرخی نەوت بەرزبێتەوە، ئەوەندە ڕێژەی كورتهێنان دادەبەزێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، “بۆ ئەوەی بودجە بەتەواوی دووربێت لە كورتهێنان، پێویستە نرخی نەوت بگاتە سەروو 72 دۆلار، ئەم نرخە بە تەواوی كورتهێنان كۆتایی پێدەهێنێت نەك كەمكردنەوەی”.
پرۆژەی بودجەی گشتیی عێراق كە ئێستا لە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانە و چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێمە بەر لە دەنگدان لەسەری، بەپێی ئەو ڕەشنوسەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ڕەوانە كرا بە 164 ترلیۆن دینار دیاریكرابوو، بەڵام لەلایەن لیژنەی دارایییەوە بۆ 130 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە و بەهۆیەوە كورتهێنانی بودجەش لە 70 ترلیۆنەوە بۆ 29 ترلیۆن دابەزیووە.
س: بەغداد لیەوم