پەرلەمانتارێك: سازانی سیاسی پشكی هەرێم لە بودجەدا یەكلادەكاتەوە

ئەنجومەنی نوێنەران

پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی دەڵێت، لیژنەكەیان چاوەڕوانی سازانی سیاسییە بۆ یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا.

محەمەد شەبەكی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 23ی شوبات وتی، لیژنەكەیان تەواوی هەموارەكانی تایبەت بە بودجەی گشتییان تەواوكردووە، ئەوەی ماوەتەوە ماددەی 11ی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستانە.

ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتیشی، “لیژنەی دارایی چاوەڕوانی سازانی سیاسییە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پشكی هەرێم و، كۆتایی هێنان بە وتوێژەكان دەربارەی ئەو دۆسیەیە كە ڕێگرە لە بەردەم دەنگدان بە پرۆژەی بودجە”.

ئێوارەی ئەمڕۆش حەسەن نازم، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند کە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق ڕێککەوتن لەسەر سەرجەم بڕگەکانی کراوە تەنها گرێیەک کە ماوەتەوە پشکی هەرێمی کوردستانە.

حەسەن نازم لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا وتیشی، “ئەو بڕگە و مادانەی لە بودجدا پەیوەندییان بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە، ئەگەرنا سەرجەم بڕگەکانی دیکە ڕێککەوتن لەسەریان کۆتاییهاتووە”.

بۆ یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێم پێشتر چەند جارێكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران سەردانی بەغدادی كرد، كە دواهەمینیان هەفتەی ڕابردوو بوو.

ئامانج لە سەردانەكانی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغداد چە‌سپاندنی ڕێككە‌وتنی مانگی 12ی 2020ی نێوان حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان و حكومە‌تی فیدڕاڵە،‌ لە‌سە‌ر پڕۆژەیاسای بودجە‌ی 2021، كە‌ تیایدا پشكی ھە‌رێم بە 12.67٪‏ دیاریكراوە.

بەپێی ڕەشنوسی پرۆژەكە بودجەی عێراق بە 164 ترلیۆن دینار دیاریكرابوو، بەڵام لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ 130 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە و بەهۆیەوە كورتهێنانی بودجەش لە 70 ترلیۆنەوە بۆ 29 ترلیۆن دابەزیووە.

پشكی هەرێم كە پێشتر 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار بوو بەهەمان شێوە کەمدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ڕوونی دیارینەکراوە.

بابەتی پێشتر

گردبوونەوە لە هەڵەبجە قەدەغە دەكرێت

بابەتی دواتر

ئەندامێكی لیژنەی ئابوری: نەوت بگاتە 72 دۆلار كورتهێنان لە بودجەدا نامێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share