وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم بڕیار و ڕێنماییە نوێیەكانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای ئاشكراكرد و دەڵێت، پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەكاندا بەردەوام دەبێت.
جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 22ی شوبات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ئەنجام و بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای بڵاوكردەوە و سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن وتی، گۆڕانكاری لە پڕۆسەی خوێندندا ناكرێت و خوێندن لە ناوەندەكاندا بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام دەبێت.
وتیشی، بۆ ڕێگری لە زیادبوونی توشبووان و بەتایبەت توشبوون بە جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕێوشوێنەكان لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق تونددەكرێتەوە.
جوتیار عادل ئەوەشی خستەڕوو، لە بۆنەكانی مانگی ئازار هیچ چالاكییەك ئەنجامنادرێت.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد كە ژمارەی توشبووان لە هەرێم بەرزبووەتەوە و بۆ ئەوەش داوای لە هاوڵاتییان كرد پابەندی ڕێوشوینە تەندروستییەكان بن و، ئاماژەی بەوەشكرد كە “سزا جێبەجێ دەكرێت بەرامبەر ئەو كەسانەی ماسك نابەستن”.
لەلایەكی ترەوە جوتیار عادل جەختی لەوەكردەوە كە لە 25ی ئەم مانگە دابەشكردنی موچە دەستپێدەكاتەوە و دابەشكردنەكەش بە لەبەرچاوگرتنی ڕێككارە تەندروستییەكان دەبێت.
دەربارەی پشكی هەرێم و گفتوگۆكانی شاندی هەرێم لە بەغدادیش ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی جارێكی دیكە شاندی باڵای حكومەتی هەرێم دەچێتەوە بەغداد بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان لەچوارچێوەی دەستور و ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ حكومەتی ناوەند ئەنجامدراوە.