وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە كە سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكەی ئەمدواییەی هەولێر ڕوبەڕووی دەبێتەوە.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 22ی شوبات وتی، هەوڵەكانی تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراق مایەی گومانە و، ئەو هەوڵانە هەڕەشە لە “سەقامگیری و ئاشتی هەرێمایەتی دەكەن”.
دوپاتیشیكردەوە، “لایەنی سێیەم هەیە كە هەوڵ بۆ تێكدانی دۆخی هەرێمایەتی و، خستنە داوی تاران و بەغداد دەدات”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران داواشی لە حكومەتی عێراق كرد “هەوڵی جدی بدات بۆ ئاشكراكردنی ڕاستییەكان و ئەنجامدەرانی تاوانەكانی ئەمدواییە”.
باسی لەوەشكرد كە بەمدواییە هەستیان بە زیادبوونی ژمارەی هێزە بیانییەكان لە عێراق كردووە كە بەوتەی ئەو “بۆخۆی سەرچاوەی تێكدانی ئاسایشە”.
شەوی دووشەممە 15ی شوبات، 14 موشەك لە شاری هەولێر كەوتنەخوارەوە. ژمارەیەك لە موشەكەكان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان كردە ئامانج و موشەكێكی تریان بەسەر فڕۆكەخانەكەدا تێپەڕی.
موشەكێك لە گەڕەكی وەزیرانی شاری هەولێر و دانەیەكی تریشیان لە نزیك نازستی كەوتەخوارەوە. چەند هاوڵاتییەك و كەسێكی بیانی بەهۆی موشەكبارانەكەوە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، زیانی مادییش بەر شەقامەكان و ماڵ و ئۆتۆمبیلی هاوڵاتییان گەیشت.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا دلۆڤان محەمەد، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی هەولێر بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “بریندارێكی هێرشە موشەكییەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر شاری هەولێر گیانی لەدەستدا”.
وتیشی، “بریندارەكە زیان بەر سەر و سنگی كەوتبوو، لە دوای هێرشەكەوە لە نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵات لە شاری هەولێر لەژێر چاودێریی پزیشكیدا بوو، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەكانییەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا”.
س: RT