حكومەت ڕاپۆرتی چاكسازی لە بواری باج ڕەوانەی پەرلەمان دەكات

حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک ڕێکاری گرتۆتەبەر

حكومەتی هەرێم ڕاپۆرتی چاکسازی لە بواری باج ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئاشكراشیدەكات، چەند ڕێكارێكی نوێ لەو بوارەدا گیراونەتەبەر.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتی چاکسازی لە بواری باج ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد.

ڕونیشیكردەوە، لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری چاکسازی کە پێداگرى لەسەر چاکسازیی سیستەمی باج بەشێویەکی دادپەروەرانە دەکاتەوە لە وەرگرتنی باج و گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە بۆ ڕێکخستنی باج و لەو پێناوەشدا حکومەت کۆمەڵێک ڕێکاری گرتۆتەبەر کە بریتین لە:

یەکەم: بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە وەرگرتنی باجی دەرامەت لەسەر بەرهەمە نەوتی و سوتەمەنییەکان و مەوادی کیمیایی تایبەت بە سوتەمەنییەکان و پاشەڕۆی سوتەمەنییەکان، باج بەم شێوەیە وەربگیردرێت کە لە ڕێکەوتى 2021/3/5 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە:
ـ 7% باج لە بەها لە کاتی هاوردەکردن
ـ 4% باج لە بەها لە کاتی هەناردەکردن

دووەم: مامەڵەی هیچ کۆمپانیایەکی نەوت و گاز ڕاییناکرێت تا پاکانەی باجی لەگەڵدا نەبێت.

سێیەم: وردبینیی بڕی باجی خەمڵێنراو لە لایەن وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ئەنجام دەدرێت.

چوارەم: دەبێ سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکار (Suppliers) خۆیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تۆمار بکەن.

پێنجەم: وەرگرتنی باج لە کارمەندی بیانیی بواری نەوت و گاز کە لە ڕێکەوتى 2021/1/17 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بابەتی پێشتر

وتەبێژی كازمی: هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە هەیە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان

بابەتی دواتر

شارەوانی سلێمانی هەواڵی فرۆشتنی خوێندنگاكان ڕەتدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share