دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە لەسەر داوای ئەوان ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێکهێنانی دادگایەکی تاوان بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانەکانی گەندەڵی.
لە ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ” لەسەر داوای دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان و بە نووسراوی ژمارە (1/135) لە 1/12/2020، ئەنجوومەنی دادوەری، بە فەرمانی ژمارە 1/1/117 لە 18/2/2021، بڕیاریاندا بە پێكهێنانی دادگایەكی تاوان بۆ دادگاییكردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانەكانی گەندەڵی”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “ئەو دادگایە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانە و تایبەتمەند دەبێت بە بینینی كەیسەكانی گەندەڵی و ناوی، دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە”.
ئەنجومەنی دادوەری ڕاشیگەیاند ئەو هەنگاوە كاریگەرییەكی زۆر باشی دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردن و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خێراكردنی یەكلا كردنەوەی كەیسەكان لە دادگا.