حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا موچەی كارمەندانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین دابەش بكات.
بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە كەمێك لەمەوبەر بڵاوكرایەوە، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا موچەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین دابەش بكات.
وەك نووسراوەكە ئاشكرایكردووە، بڕیارەكە بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دراوە و ئەو موچەیەی بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت، “موچەی مانگی كانونی دووەمی 2021ی كارمەندانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستانە.”
لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی نەناردنی پارەی تایبەت بە موچەی فەرمانگە فیدراڵییەكانی هەرێم كوردستان، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا خۆی موچەكانیان دابەش بكات و ڕایگەیاند، “هاوشێوەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی سەر بە حكومەتی هەرێم، موچەی كارمەندان و ئەفسەران و فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدراڵییەكان بە لێبڕینی 21%ـەوە دابەش دەكرێت.”
دوای ئەو بڕیارە، فەرمانبەران و كارمەندان و ئەفسەرانی بەشێك لەو فەرمانگانە ناڕەزاییان دەربڕی و ئامادەنەبوون موچەكانیان بە لێبڕینەوە وەربگرن و بایكۆتی دەوامیان كرد، لەوانە پاسپۆرت و ڕەگەزنامە، بەڵام هەندێكیان موچەی دوو مانگیان وەرگرت، وەك بەڕێوبەرایەتیی بەنداوی دەربەندیخان.