بایكۆتی دەوام لە فەرمانگە فیدراڵییەكانی هەرێم درێژەی هەیە

بەڕێوبەرایەتی كارتی نیشتیمانی

ئەفسەر و كارمەندانی فەرمانگە فیدراڵییەكان لە سلێمانی و دەوروبەری بەردەوامن لە بایكۆتكردنی دەوام، كێشەی موچەی كارمەندانی ئەو بەڕێوبەرایەتییانە چارەسەرنەكراوە.

ئەو فەرمانگانەی هەرێمی كوردستان كە سەر بە حكومەتی فیدراڵیی عێراقن، بەشێكیان ماوەی چەند مانگێكە موچەیان وەرنەگرتووە، حكومەتی هەرێم، بەغداد تۆمەتبار دەكات بە نەناردنی موچەكانیان و بۆ چارەسەركردنی كێشەكەش، بڕیاریدابوو موچەكانیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لێبڕینەوە دابەش بكات، بەڵام كارمەندانی بەشێك لەو فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییانە ئامادەنین موچە بە لێبڕینەوە وەربگرن و داواكارن موچەی تەواویان بۆ خەرجبكرێت.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامەی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی شوبات بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بایكۆتی ئەفسەر و كارمەندانی بەڕێوبەرایەتییەكەیان درێژەی هەیە.

ئەو سەرچاوە، كە بەهۆی هەستیاری ئەركەكەیەوە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتیشی، “لەمانگی شەشی ساڵی ڕابردوەوە تا ئەم مانگە تەنها دوو موچەمان وەرگرتووە”.

بایكۆتەكە هەریەك لە فەرمانگەكانی (ڕەگەزنامە، كارتی نیشتیمانی، كارتی زانیاری، پاسپۆرت و نشینگە)ی لە سلێمانی و دەوروبەری و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین-ی گرتووەتەوە.

سەبارەت بە بنەڕەتی گرفتی موچەی ئەو فەرمانگانەش سەرچاوەكە وتی، تا ساڵی 2010 میلاكی فەرمانگەكان لە بەغداد جێگیرە، بەڵام لەدوای ئەو ساڵەوە لە هەولێر و سلێمانی ژمارەی كارمەندانی زیادكراوە و ئەمەش یەكێكە لە سەرچاوەی كێشەكان و ئەو موچەیەی لە بەغدادەوە دێت بەشی هەمووی ناكات.

باسی لەوەشكرد. بەغداد تا مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو تەمویلی پێنج مانگی ناردووە، بەڵام لەلایەن هەرێمەوە تەنها دوو موچەی پێدابەشكرا. ئەوەشی خستەڕوو، “دوای ئەوەی بەغداد داوای فیشەی تەمویلی مانگەكانی دیكەی كردووە، لە هەرێمەوە تەنها دوو فیشە نێردراوە و لەكاتێكدا پرسیاری سێ موچەكەی تر لە هەرێم كراوە پێیان وتوون پاشەكەوتمان كردووە، ئەوانیش وتویانە ئێمەش موچەی مانگی تشرینی دووەم تا كانونی دووەم پاشەكەوت دەكەین”.

فەرمانگە فیدراڵییەكانی كوردستان لەنێوان بایكۆت و دابەشكردن و وەرنەگرتنی موچەدا

پێشتر عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵا، بەڕێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ماوەی سێ هەفتەیە موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ لە گەنجینەكانی وەزارەتی داراییە، بەڵام ئەفسەر و كارمەندانیان وەریناگرن، چونكە بە لێبڕینی 21%ـەوە نێردراوە”.

لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان هۆكاری ئەو لێبڕینەی گەڕاندەوە بۆ خەرجنەكردنی موچەی فەرمانگە فیدراڵییەكان لەلایەن بەغدادەوە و ڕایگەیاند، “هەریەك لە مانگەكانی 10- 11-12 ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مانگی یەكی 2021 هیچ بڕە پارەیەك لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێم نەنێردراوە تاوەكو موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و ڕەگەزنامەی هەرێم دابەشبكرێت”.

بابەتی پێشتر

ئیسرائیل: ئەوانەی ژەمی دووەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە ڕێژەی %98 توشبوونیان کەمبووەتەوە

بابەتی دواتر

نرخی دراوە بیانییەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share