دایناسۆرەکەی ئارسیناڵ بەهێزترین بۆندی هاوینەی 2020 بوو

LONDON, ENGLAND – DECEMBER 05: Gunnersaurus the mascot of Arsenal during the Premier League match between Arsenal FC and Brighton & Hove Albion at Emirates Stadium on December 5, 2019 in London, United Kingdom. (Photo by James Williamson – AMA/Getty Images)

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی لە کۆتا ساتی گواستنەوەکاندا دەستبەرداربوونی لە دایناسۆرە سەوزە مێژوویەکە ڕاگەیاند، پاش چەند کاتژمێرێک یانەی ئیشبیلیەی ئیسپانی بەفەرمی ئاشکرایکرد کە گواستویانەتەوە بۆ ڕیزەکانیان.

ئەم گواستنەوەیە سەرەڕای ئەوەی لەسەر ئاستی یاریزانان نییە و بابەتێکی هێندە گەورە نییە تاوەکو گرنگی پێبدرێت، بەڵام زۆرینەی میدیاکانی بەریتانیای بەخۆیەوە سەرقاڵکرد.

هاندەرانی گانەرز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە پاڵپشتی چەندین ناوداری وەک پێرس مۆرگان، داوایان لە یانە ئینگلیزییەکە کرد لە بڕیاری دەستبەرداربوون لە گانەرسۆر پەشیمان ببێتەوە.

گانەرسۆر چییە؟

ساڵی 1993 یانەی ئارسیناڵ چیرۆکێکی ئەفسانەیی بۆ منداڵانی یانە بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژە بەوەکرا کە لە کاتی نۆژەنکردنەوەی یاریگای هایبری و بەتایبەت لەکاتی هەڵکەندنی فرێزی یاریگا هێلکەیەکی سپی گەورەیان دۆزیوەتەوە.

چیرۆکەکە دەڵێت: هێلکەکە دەجوڵایەوە بۆیە هەمووان بە ترسەوە لێی دوورکەوتنەوە، کاتێکیان زانی هێلکەکە تروکا و دایناسۆرێکی سەوزی بچکۆلەی لێهاتەدەرەوە، ئەو دایناسۆرە لە بارەگای یانەکە گەورەبوو.

لە ڕێکەوتی 30ی ئابی 1993 دایناسۆرەکە بەر لە دەستپێکی یاری نێوان ئارسیناڵ و مانچستەر سیتی نمایشکرا، لەو یارییەشدا ئارسیناڵ بردنەوەی تۆمارکرد.

چیتر ئەم دایناسۆرە بووە چانس بۆ یانەکە و لەهەر یارییەکدا دەرکەوتایە بردنەوەیان بەدەستدەهێنا، ناوەکەی لە دایناسۆرەوە گۆڕدرا بۆ “گانەرسۆر” کە کۆکراوەی ناوی دایناسۆر و گانەرزە کە ناوی خوازراوی یانەی ئارسیناڵە.

ڕۆڵی گانەرسۆر ماوەی 27 ساڵە بە بەرگێکی دروستکراو لە شێوەی دایناسۆر لەلایەن کەسێکەوە دەگێڕدرێت بە ناوی جێری کوی و ئەم کەسە مانگانە لەپای ماندوبوونی بڕی 1500 پاوەند وەردەگرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و ئامادەنەبوونی هاندەران لە یاریگاکان، ئیدارەی ئارسیناڵ هاوشانی 55 کارمەندی یانەکە گانەرسۆریشیان ڕەوانەی ماڵەوە کردوەوە و بۆندەکەیان هەڵوەشاندەوە.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی ئاشکرایکردووە، کە پێرس مۆرگان و ئیان ڕایت و ئەفسانە و هاندەرانی دیکەی ئارسیناڵ پڕۆسەیەکیان بۆ کۆکردنەوەی پارە دەستپێکردووە، تاوەکو ئێستا هەشت هەزار پاوەندیان بۆ ئارسیناڵ کۆکردووەتەوە تەنها بۆ ئەوەی دەستبەرداری دایناسۆرە سەوزەکە نەبێت، بەڵام پێناچیت لە هەوڵەکەیاندا سەرکەوتووبن.

ئیشبیلیە بۆندی لەگەڵدا واژووکرد

لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی گواستنەوەکان و خۆشحاڵی هاندەران بە یاریزانە نوێیەکانیان، یانەی ئیشبیلیەی ئیسپانی بە شێوەیەکی کتوپڕ بڵاویکردەوە، کە بۆندیان لەگەڵ گانەرسۆر واژووکردووە.

سەرەڕای ئەوەی نەزانراوە ئایا بە ڕاستی گانەرسۆری جێری کوییان کڕیوە، یان کەسایەتییەکی بەهەمان جلوبەرگی دایناسۆرەوە بۆ هەمان مەبەست تەرخانکردووە.

لەم بارەیەوە هاندەرێکی ئارسیناڵ نوسیویەتی، ” تکا لە هاندەرانی ئیشبیلیە و یانە ئیسپانییەکە دەکەم، ئەوپەڕی ڕێزی گانەرسۆر بگرن، ئەوە 27 ساڵە ئەفسانەی ئێمەیە”.

بابەتی پێشتر

دوای کۆتاییهاتنی میرکاتۆی 2020 ئەم یاریزانانە بێ یانە مانەوە

بابەتی دواتر

ڕیزبەندی ئەو یانانەی لە گواستنەوەکانی هاوینە زۆرترین خەرجییان هەبووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share