باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركراوانی بادینانەوە بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەو بارەیەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا كە ئەمڕۆ هەینی 19ی شوبات نووسینگەی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق بڵاویكردووەتەوە، باڵیۆزخانەكە جەخت لە درێژەدان بە گفتوگۆكانی دەكاتەوە لەبارەی ئازادیی بیروڕا لە هەرێمی كوردستاندا و دەڵێت، “لە نزیكەوە چاودێریی دەستگیركردنەكانی ئەمدواییانەی ڕۆژنامەنووسان و چالاكەوانان و دادگاییكردنیانمان كرد. ئەمریكا بە بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆی كردووە لەبارەی ئازادیی بیروڕا، لەنێویشیاندا ئازادیی بیروڕای ڕۆژنامەنووسان و ئەمریكا لەسەر هەمان ڕێباز بەردەوام دەبێت.”
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد ڕایگەیاندووە، “كۆمەڵگە دیموكراتەكان، ڕێز لە ئازادیی بیروڕا دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕۆژنامەنووسان دەكەن لەپێناو گواستنەوەی هەواڵ بەبێ ترس و تۆڵەسەندنەوە.”