سەرۆكی فراكسیۆنێكی ئەنجومەنی نوێنەران هۆشداری لەو بۆشاییە ئەمنییە دەدات كە لەنێوان بەغداد و هەولێردا هەیە و دەڵێت، بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی پاش پێشێلكارییەكانی ئەمدواییە.
محەمەد خالدی، سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق لخەیر) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، بۆشایی ئەمنی لەنێوان ناوچەكانی حكومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستاندا هەیە لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و تەنانەت لەنێوان پارێزگاكاندا بەهۆی ناكۆكی لەسەر دەسەڵاتی هێزە سەربازییەكان و دیاریكردنی بەرپرسیارێتی ئەمنییان لە كەرتە جیاجیاكاندا.
وتیشی، “ڕێكخراوی داعش ئەو بۆشاییەی قۆرغكردووە و دەستیكردووە بە بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی و تەنانەت خاڵە ئەمنییەكانیش لە هەرێم بێت یان ناوەند”.
خالدی ئەوەشی خستەڕوو، بۆشاییەكان بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی ئەمنی بەتایبەت بەهۆی تۆماركردنی پێشێلكاری لەنێوان ماوەیەك بۆ ماوەیەكی دیكە.
سەرۆكی فراكسیۆنەكە جەختیشیدەكاتەوە لەسەر پێویستی بوونی هەماهەنگی و هاریكاری هاوبەش لەنێوان بەغداد و هەولێر بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانە.
س: بەغداد لیەوم