نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان باس لە گروپە چەكدارەكانی عێراق دەكات

هەڵبژاردنی پێشوو لە عێراق

باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕایگەیاندووە، گەورەترین كێشەی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە عێراق بوونی “گروپە چەكدارەكان و گەندەڵكارانە”.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات بڵاویكردووەتەوە، ڕیچارد مێڵز، باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕاگەیاندووە، “گەورەترین كێشەی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە عێراق، بوونی گروپە چەكدار و توندڕەوەكان و گەندەڵكارانە لە عێراق”.

مێڵز ئاماژەی بەوەشكردووە، “ژینگەیەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردن واتە، چارەسەركردنی ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، هەروەها ڕێگری لەو چالاكییانەی ئێران كە كێشەی بۆ سەقامگیریی عێراق دروستكردووە، لەگەڵ لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش”.

سەبارەت بە توندوتیژییەكانی ئەو گروپانەی سەر بە ئێران نوێنەرەكەی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، “ئەوان هاوڵاتییانی عێراق دەكوژن، ڕێگریشن لەوەی یارمەتی ئابوری و وەبەرهێنانی بیانی بچێتە وڵاتەكە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێ سێشەممە 16ی شوبات ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراقی سەربە فراكسیۆنە شیعەكان ڕایانگەیاند، “ئەمریكا بە نیازە دەستوەردان بكات لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق”.

فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری شیعە بە بەشێك لە میدیاكانی عێراقی وتبوو، “هەندێك زانیاری هەن كە ئەمریكا پلانی هەیە دەستوەربداتە هەڵبژاردنەكان، بۆ ئەو مەبەستەش باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەندێك لایەنی جوڵاندووە بۆ ئەوەی بەشداری لە كارە هونەرییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن بە بیانوی سەرپەرشتیاری نێوەدەوڵەتی”.

لەلایەكی دیكەوە لەسەر هەمان پرس حامد عەباس، ئەندامی فراكسیۆنی بەدر هۆشداری دا و ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەمریكا دەستوەردان لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق دەكات، ئەوەش وا دەكات هەڵبژاردنەكە بێگەردی خۆی لەدەست بدات”.

لای خۆشییەوە محەمەد كەریم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی سادیقون بە چەند میدیایەكی عێراقی وتووە، “عێراق پێویستی بە ڕاوێژكاریی نێودەوڵەتی نییە بۆ هەڵبژاردنەكان، هەرچەندە كەسیش چاودیریی نێودەوڵەتی ڕەتنەكردووەتەوە بەڵام بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان”.

هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ مانگی تشرینی یەكەم دواخرا.

بابەتی پێشتر

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپێکی ئێزیدییەکان باوکێک و دوو منداڵی گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share