نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق جەخت لەسەر پێویستی فەراهەمكردنی پێداویستییەكانی هەڵبژاردن دەكاتەوە و دەشڵێت، “تائێستا شەفافیەت و دادپەروەری و لێپرسینەوە تا ئاستێكی زۆر نائامادەیە، بەتایبەت پەیوەندیدار بە سەركوتكردنی خۆپیشاندانە گشتییەكان، لە سەرتاسەری عێراق و لەنێویشیدا هەرێمی كوردستان”.
جینین هینیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات وتی، لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی متمانەپێكراو، پێویستە پارت و پاڵێوراوان لە كەشێكی ئازاد و سەقامگیردا كاربكەن، هەمان شت بەسەر میدیاكارانیشدا جێبەجێ دەبێت.
پلاسخارت، لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە عێراق وتیشی، تائێستا پەرلەمان یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی تەواونەكردووە، لەكاتێكدا دادگاكە ڕاستاندن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكات.
دەربارەی ئازادییە گشتییەكانیش نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان وتی، “تائێستا شەفافیەت و دادپەروەری و لێپرسینەوە تا ئاستێكی زۆر نائامادەیە، بەتایبەت لەوەی پەیوەندیدارە بە سەركوتكردنی خۆپیشاندانە گشتییەكان، لە سەرتاسەری عێراق و لەنێویشیدا هەرێمی كوردستان”.
باسی لەوەشكرد، سەرەڕای ئەوەی عێراقییەكان لە كانونی یەكەمی ڕابردوو یادی سێ ساڵەی شكستهێنان بە داعشیان كردەوە، بەڵام هێرشە خۆكوژییەكانی بازاڕەكەی بەغداد كە بووە هۆی كوژرانی لانیكەمی 30 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 كەس، “بەشێوەیەكی ئازاربەخشانە نیشانیدا كە یاخیبوونی توندڕەوانە شكستی پێنەهاتووە”.
پلاسخارت باسیشی لە سەردانەكەی مانگی ڕابردووی بۆ شەنگال كرد و وتی، “جارێكی دیكە هەلی پەیوەندیم لەگەڵ نوێنەر و بەرپرسانی شەنگال بۆ ڕەخسا، شتێكی ڕوون هەیە: كارێكی زۆر چاوەڕێمان دەكات، گەندەڵكارانی ناوخۆیی و دەرەكی بەردەوامن لە شێواندنی دیمەنەكە”.