چواردە شوێنەواری دێرین بەر شەقامی 150 مەتری هەولێر دەکەون

وێنە:AA

بە وتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێک شوێنی دێرین، بەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر کەوتوون، ئێستاش بەهۆی ڕووپێوییەکانەوە دەردەکەوێت 14 شوێنی شوێنەواری دێرین بەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەکەوێت.

نادر بابەکر محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی ڕاگەیاندووە، “ئەو شوێنەوارە دێرینانەی بەر شەقامی 150 مەتری دەکەون هەم گردی شوێنەواریی تیادایە، هەم تیایدایە زەویی تەختە و دەبێت کنە و پشکنینی بۆ ئەنجامبدەین، ئێستا لەسەر هێڵین لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی، کە بودجەی پێویستمان بۆ تەرخانبکات بۆئەوەی دەست بەکاری خۆمان بکەین، چونكە ناکرێت سبەی کە درا بە کۆمپانیا، لەسەر کارەکە ڕایانبگرین، بۆیە دەمانەوێت پێشوەختە کارەکانی خۆمان تەواوبکەین، دواتر بدرێت بە کۆمپانیا”.

بە وتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، چارەسەری ئەو پرسە تەنها کنە و پشکنینی شوێنەوارییە، “ئەگەر کەلوپەلی شوێنەواریی گواستراوەبێت، ئەوانە دەگوازینەوە و ئەگەر شوێنێکی شوێنەواریی زۆر گرنگ بوو، کە دەرکەوت ناتوانین بیگوازینەوە و دەبێت بمێنێت، ئەوکات دەبێت چارەیەکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە، جا بە دروستکردنی بەرزەپرد، یان جێگرەوەیەکی دیکە، بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە بپاریزرێن”.

بەرپرسەكەی شوێنەواری هەولێر دەشڵێت، “ئەگەر بە قسەمان نەکرێت، هەموو لایەک تووشی کێشە دەبین، هەم ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و خەڵک لێمان قبوڵ ناکات، دەڵێن دیارە ئێوە کارتان نەکردووە، هەم بۆ حکومەتیش باش نابێت، بۆیە پێموایە حکومەت چارەی ئەو بابەتە دەکات”.

لەبارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی شوێنەکان، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر ئاماژە بەوەدەکات، “ئەو زانکۆیانەی دێنە هەرێمی کوردستان، تێچووی کارەکانیان و کنە و پشکنین لە شوێنە شوێنەوارییەکان لەسەر خۆیانە، ئێمە چەند ئامانجێکمان هەیە کە ئەو تیمە بیانییانە دێنین، ئەو زانکۆیانە لەسەر تێچووی خۆیان کارەکە دەکەن و کادرەکانی ئێمە کە لەگەڵیاندان فێری کارەکە بوون، هەروەها پەیوەندییەکانی ئێمە لەڕووی زانستییەوە لەگەڵ دەرەوەی وڵاتیش دروست دەبێت”.

لەناو شاری هەولێر، 12 شوێنی شوێنەواری هەن، کە لەسەر گردەکانن و دیارن، بەڵام لە دەرەوەی شار مەرج نییە شوێنەکە دیاربێت، چونکە شوێن هەیە خەڵک کشتوکاڵی تێدل دەکات و زەوییەکی تەختە، بەڵام بە ڕووپێووی دەرکەوتووە كە شوێنەوارە.

بابەتی پێشتر

نەتەوەیەکگرتووەکان 80 هەزار مین لە سنووری ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان هەڵدەگرێتەوە

بابەتی دواتر

تا ئێستاش کارتی ڤاکسین بۆ گەشتیاری عێراقی کاریپێناکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share