پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کوردستان نەوایەکی ئارامە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان و پاراستنی ئاسایشی ئەم پەناگە ئارامە لە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “بەداخەوە دوێنێ شەو تیرۆریستان لەکارێکی ترسنۆکانەدا بەموشەک چەند شوێنێکی پایتەختی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان کرد، لێرەوە بەناوی پەرلەمانی کوردستان زۆر بەتوندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو بەشێک لەگەڕەکەکانی شاری هەولێر دەکەین”.
لە ڕاگەیەنراوەکەی پەرلەماندا هاتووە، “هەرێمی کوردستان نەوایەکی ئارامە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی، لەکاتە سەختەکاندا دەرگای بۆ هەزاران لێقەوماوی شارەکانی تری عێراق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش ئاوەڵایەو لەسەر ئاستی فەرمی و میللی دەیانحەوێنێتەوەو پەنایان دەدات، بۆیە پاراستنی ئەو پەناگە ئارامەی ناوچەکە کەجێگەی هەموو جیاوازییەکانی تێدا دەبێتەوە، بەپلەی یەکەم ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشە”.
ڕاشیگەیاندووە، “هاوکات دەبێت دەوڵەتی عێراقی فیدراڵیش پابەندی ئەرکە دەستووری و یاسایی و سیاسییەکانی بێت، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم پەلە بکات لەپڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە تیرۆریستان و ناحەزان لێیەوە دزە دەکەن بۆ پەلاماردانی هەرێمەکەمان و تێکدانی دۆخی شارو شارۆچکەکانی”.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا ئاماژە بەوەکردوە کە پێویستە هەرچی زووە ڕێکاری یاسایی لەدژی ئەنجامدەرانی ئەم پەلامارە بگیرێتەبەر.